پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پەرلەمانتارێكی پارتی لە وەڵامی كاروان گەزنەیی: ئەوەی شكستی هێناوە ئێوەن

ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وەڵامێكی توندی پەرلەمانتارێكی چەواشەكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە و رای دەگەیەنێت كە كابینەی نۆیەمی حكوومەت سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێناوە، بەڵام ئەوە یەکێتییە شكستی هێناوە، لە بەڕێوەبردن و حكوومەتداری.

كاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری یەكێتی، لە پێناو ئەوەی پاش تەواوبوونی تەمەنی پەرلەمانتارییەكەی، لەنێو باڵباڵێنی حزبەكەیدا كەلێنێكی بۆ بدۆزنەوە، بەردەوام بە قازانجی تاقمێکی یەكێتی، هێرشی ناڕەوا دەكاتە سەر هەر لایەنێك كە بەرپرس و باڵەكانی یەكێتی بە پێویستی بزانن كە دوایین هێرشی، بۆ سەر كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو.

لە بەرامبەردا مەلا جیهاد حەسەن، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند، بە ڕوونی دیارە كە خودی كاروان گەزنەییش باوەڕی بەو قسانەی خۆی نییە، چونكە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە زۆر بواردا سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە، بە دانپێدانانی خودی بەرپرسانی یەكێتی و تیمی ئەو حزبە لە حكوومەت، چاكسازی لە گەلێك بواردا كراوە و هەزاران دوومووچەیی و مووچەی نایاسایی بڕدراوە. 

ڕوونیشی كردەوە كە ”ئەوەی شكستی هێناوە، یەكێتییە لە حكوومەت كە بەداخەوە نەیانتوانیوە هاوسەنگی لە نێوان هەوڵەكانی چاكسازیی كابینەی نۆیەم لە لایەك و ویستی یەكێتی بۆ مانەوەی كاری نایاسایی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی و قاچاخچێتی و سەرانەسەندن لە بازرگان و خەڵكی سلێمانی لە لایەكی دیكە، دروست بكات.“ 

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختی كردەوە: ”باشتروایە كاروان گەزنەیی ڕێگەیەكی دیكە بۆ خۆبردنەپێشی لە نێو باڵ و تاقمەكانی حزبەكەی بدۆزێتەوە، چونكە هێرشكردنە سەر كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێ ئەنجامە و هەموو خەڵكی راستییەكان دەبینن.“

لەبارەی ئەو بانگەشانەی كە كاروان گەزنەیی دەیكات و دەڵێت داهاتەكان شەفاف نین، مەلا جیهاد حەسەن گوتی: ”كابینەی نۆیەمی حكوومەت لە ڕووی شەفافیەتەوە قۆناغێكی گەورەی بڕیوە، داهاتەكانی نەوت بە وردی لە راپۆرتی دیلۆیت بڵاو دەكرێنەوە، داهاتەكانی ناوخۆ بە وردی تا ئێستا لە چەندان سەرچاوەی جیاوازەوە لە لایەن حكوومەتەوە بڵاو كراونەتەوە، بە جۆرێك كە خەریكە بڵێین كەس نییە لە كوردستان نەیزانیبێت داهاتەكان چەندن و خەرجییەكانیش چەندن.“ گوتیشی: ”ئەوەی كە شەفاف نییە، ئەو پارە زۆر و زەوەندەیە كە لە سلێمانی دیار نامێنێت، ئەو بڕە داهاتە زۆرەیە كە لە جیاتی بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێتەوە، بە هێڵی ئاسایشدا لە مەرزەكانی سلێمانی هاوردە دەكرێت.“

کاروان گەزنەیی، ناوی تەواوی كاروان عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا گەزنەییە کە خەڵکی گوندی گەزنەی ناوچەی باڵەکایەتییە و باوکی بە خەلیفە گەزنەیی ناسراوە. هەرچەندە کاروان تەمەنی 32 ساڵە، بەڵام لەو تەمەنە بچووکەش هێندە هەڵبەز دابەز و کاری نەشیاوی کردووە، تەنانەت لە سیڤیی خۆشی لە سایتی پەرلەمان لەبەر کارە بەدناوەکانی شەرمی کردووە باسی ڕابردووی خۆی بکات و تەنیا نووسیویەتی: ”بەڕێوەبەری کۆمپانیا، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسیی!“

چەندین زانیاری لەسەر ئەو پەرلەمانتارەی سەر بە تاقمی خۆفرۆشی شازدەی ئۆکتۆبەر لە سەرچاوەیەکی ئاگادار و کەسێکی نزیکیەوە ئاشكرا كردبوو كە پوختەكەیان ئەمانەن:
– کاروان لە تەمەنی بیست ساڵیدا و دوای دروستبوونی گۆڕان، دەكەوێتە ژێر كاریگەریی گۆڕان و لە ساڵی 2011 یەكێك دەبێ لە چالاكوانەكانی 17ی شوبات و لە لایەن یەكێتییەوە دەستگیر دەكرێت، زۆر لە گەنجانی گۆڕان نزیك دەبێت، بەڵام لەژێر فشاری باوك و بنەماڵەكەی کە یەکێتی بوون و دانیشتووی ڕانیە بوون، واز لە گۆڕان دێنێت.

– دواتر لە زانكۆی ئەمەریكی- سلێمانی وەردەگیرێت و لە ڕێگەی چەند کەسێکەوە هاوڕێیەتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح پەیدا دەكات و بە هاوكاریی بەرهەم ساڵح بەشداریی پرۆگرامی گەنجی سەركردەی ئەمەریكی كردووە و بۆ ماوەیەك سەردانی ئەمەریکای كردووە.

– پاش تەواوبوونی خوێندنی بەكالۆریۆس، هاوڕێیەتی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید پەیدا دەكات و بۆ ماوەیەك دەبێتە بەڕێوەبەری پۆرتاڵ و دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی.

– دوای دروستكردنی ناوەندی بڕیار، دەگەڕێتەوە لای بەرهەم ساڵح و دەبیتە بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای خەندان.

– لەگەڵ دروستكردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە لایەن بەرهەم ساڵح، دەبێتە هاوديدی هاوپەیمانی، بەڵام لەژێر فشاری بنەماڵە و بەڵێنەكانی یەكێتی واز لە بەرهەم ساڵح دەهێنێت.

– لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، بەهۆی نووسینەكانییەوە كە پشتیوانی لە خیانەتەكە كردووە، بۆتە هاوڕێی تاقمە خیانەتكارەكە، لە بەرامبەریشدا ئەو تاقمە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەم بە تەزویر و هەم بە پارە پشتیوانییان كردووە. لە دوای ڕووداوەكانی 8ی تەمووزیشەوە تا ئێستا، لە موجامەلەكردنی دەسەڵاتدارانی یەكێتی بەردەوامە. 

– بەهۆی ئەو هەموو باڵباڵێنەی كردوویەتی، كاروان گەزنەیی بە كەسێكی هەرزە و ناتەواو لە رووی دەروونییەوە ناسراوە لە نێو بنەماڵەكەیدا و كەسێكە كێ پارەی زیاتری پێ بدات لە بەرەی ئەودایە.