بڕی 4 ملیار دیناری تری‌ دزی سه‌ده‌ گه‌ڕێنرایه‌وه‌

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی فیدڕالی ئه‌مڕۆ سێشه‌م ئاشكرای كرد كه‌ توانیویانه‌ بڕی 4 ملیار دیناری تری عێراقی له‌ چوارچێوه‌ی پاره‌ دزراوه‌كانی فه‌رمانگه‌ی گشتی باج و بانكی ڕافیده‌ین وه‌ربگرنه‌وه‌، پێشتریش سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی زیاتر له‌ 317 ملیار دیناری تری ڕاگه‌یاندبوو.

حه‌یده‌ر حه‌نوون سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی فیدڕالی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: توانیمان‌ بڕی 4 ملیار دیناری عێراقی له‌ یه‌كێك له‌ تۆمه‌تباره‌كانی دزییه‌كه‌ی ده‌سته‌ی گشتی باجی عێراق به‌ده‌ستبێنینه‌وه‌ كه‌ به‌ دزی سه‌ده‌ ناسراوه‌ و كۆی گشتی پاره‌كه‌ش 3 ترلیۆن و 700 ملیار دینار (2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار)ه‌.

ڕاشیگه‌یاند: گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و 4 ملیار دیناره‌، به‌شێكه‌ له‌و 17 ملیار دیناره‌ی كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێك له‌ ده‌سته‌ی گشتیی باجی عێراق دزرابوون.

نه‌شی شارده‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ تۆمه‌تباره‌كانی دزی سه‌ده‌ بڕی زیاتر له‌ 13 ملیار دیناری عێراقی له‌ ئه‌ستۆیه‌ و ئێستاش كار له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌كه‌ن.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی فیدڕالی ئاشكراشی كرد كه‌ وه‌زیرێكی عێراق له‌م دۆسییه‌دا ڕێگری له‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی كردووه‌ به‌ كاره‌كانی خۆی هه‌ڵبستێ، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ به‌مزووانه‌ داوای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و وه‌زیره‌ تۆمار ده‌كه‌ن و به‌ هاوبه‌شیكار و یارمه‌تیده‌ری دزه‌كان‌ تاوانبار ده‌كرێت.

حكوومه‌تی عێراق پێشتر له‌سه‌ر دۆسییه‌ی دزی سه‌ده‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی به‌ 3 ترلیۆن و 700 ملیار دینار خه‌ملێنراوه‌، پێنج تۆمه‌تباری ده‌ستگیركردبوو كه‌ چواریان له‌ ده‌سته‌ی گشتی باج به‌رپرسیاره‌تییان هه‌بوو و یه‌كێكیشیان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی دارایی بوو له‌ وه‌زاره‌تی دارایی حكوومه‌تی عێراق.

لای خۆشییه‌وه‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشتر له‌ دوو كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی زیاتر له‌ 317 ملیار و 535 ملیۆن دیناری له‌ پاره‌ دزراوه‌كان ڕاگه‌یاندبوو.

حه‌یده‌ر حه‌نوون سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی فیدڕالی هه‌ر له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌م ڕاشیگه‌یاند كه‌ له‌ دوو رۆژی داهاتووی تردا بڕی 80 ملیۆن دۆلار له‌ ئه‌مه‌ریكا‌ ده‌گه‌ڕێنرێنرێته‌وه‌‌، ئه‌م پاره‌یه‌ پێشتر له‌ سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس به‌شێوه‌ی نایاسایی و قاچاغ ڕه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كرابوو.