ساڵی ٢٠٢٢ بە بەهای زیاتر لە ٢٩ ملیار دینار پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ شاری هەولێر جێبەجێ كراون

بە بەهای زیاتر لە ٢٩ ملیار دینار لەسەر بودجەی ١٥٪ی داهاتی شارەوانی و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگە، ساڵی ٢٠٢٢ لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ژمارەیەك پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی جێبەجێ كراون.

لەسەر بودجەی ١٥٪ی  داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ٤٠ پڕۆژە و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێر ٣٧ پڕۆژە بوونە، ئەو پڕۆژانە لە سنووری هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێكراون. لەسەر بودجەی ١٠٠٪ی شارەوانی و تەمویلی دارایی، ٣ پڕۆژە و لەسەر پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیش ١١ پڕۆژە جێبەجێ کراون.

هاوکات پڕۆژەی ستراتیژیی شەقامی بازنەیی ١٥٠ مەتریی هەولێر بە گوژمەی زیاتر لە ١٣١ ملیۆن دۆلار لە شەقامی هەولێر – کۆیە بۆ هەولێر – شەقڵاوە، ھەروەھا شەقامی خێرای ڕێگەی گۆپاڵ بە گوژمەی زیاتر لە ١١٠ ملیۆن دولار جێبەجێ کراون. هەر لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ڕێگەی کارگەی قیری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە بڕی زیاتر لە ٧١٣٢ تۆن قیر بۆ چاککردن و قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکانی شاری هەولێر بەکارهاتووە.

بە مەبەستی پەرەپێدانی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر، لە ڕێگەی تیمەکانی ئەندازەی پارکەکانی سەر بە شارەوانی، زیاتر لە ١٢١ هەزار دار و ١٨٢هەزار گوڵ چێندراون، ئەمەش كاریگەرییەكی باشی لە زیاترکردنی ڕێژەی سەوزایی شار هەبووە، ئێستا ڕێژەكەی گەیشتووەتە ١٩٫٥٪ ، هاوكات تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی سەر بە شارەوانیی هەولێر زیاتر لە ٧٤٠ تۆن زبڵیان کۆکردووەتەوە و ژێر خاک کراون.