موسڵیح ڕەجەب، ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان: سەرۆکی حکوومەت داهاتی ھەرێمی کوردستانی هەمە جۆر کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

موسڵیح ڕەجەب، ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لەم چاوپێکەوتنەدا دەڵێت: سەرۆکی حکوومەت چاکسازیی لە ھەموو سێکتەرەکاندا کردووە، سەرکەوتووش بووە، توانیویەتی پارەیەکی زۆر بۆ خەزێنەی حکوومەت بگەڕێنێتەوە، ئەوەش وای کردووە چی دیکە چاومان لە دەستی بەغدا نەبێت و حکوومەت ھەموو مانگێک لە کاتی خۆی بەبێ پاشەکەوت مووچە دابەش بکات. دەشڵێ: چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، لە بەرژەوەندیی عێراقە، چونکە ناوچەکە ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت و عێراق زیاتر پێش دەکەوێت.

  • چۆن حکوومەتی ھەرێم توانی بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا مووچە دابین بکات، ئایا کوردستان گەیشتووەتە قۆناغی خۆبژێوی؟
  • ھەر لەگەڵ دەست بەکاربوونی مەسرور بارزانی، وەکو سەرۆکی کابینەی نۆیەم، بەرنامەکەی ئەوە بووە بە زووترین کات چاکسازی بکات، داھاتی ھەرێمی کوردستان ھەمە جۆر بکات، لەوەشداسەرکەوتوو بووە. یاسای چاکسازی بۆ ڕۆژێک و دوو ڕۆژ نییە، بەڵکو یاساکە بۆ ماوەیەکی درێژە، تا ئامانجەکەی بە تەواوەتی دەپێکێت و چاکسازیی لە ھەموو سێکتەرەکاندا دەکرێت، کە ئێستە چاکسازیی لە زۆر سێکتەردا کراوە و ئەنجامی باشیشی ھەبووە. سەرۆکی حکوومەت سەرکەوتوو بووە و پارەیەکی زۆریش بۆ خەزێنەی حکوومەت گەڕێندراوەتەوە، ئەوەش وای کرد کە چاومان لە دەستی بەغدا نەبێت و حکوومەت ھەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا و بەبێ پاشەکەوت مووچە دابەش بکات.
  • کەواتە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم چۆن دەبینی؟
  • ئەگەر کابینەی نۆیەم چاکسازی نەکردبایە، ئەوەی کە ھەشمان بوو، لە دەستمان دەچوو، بەڵام سەرۆکی حکوومەت زۆر بە جورئەتەوە بەرامبەر بەڕێگرییەکان وەستایەوە و توانی چاکسازی بکات و حکوومەتی لە قەیرانێکی قوڵی دارایی ڕزگار کرد، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت لە چاکسازییەکانی بەردەوام بێت و ھەموو ئەو کۆسپانەی هەن لاببرێن، بۆ ئەوەی ئاسەواری قەیرانی دارایی نەمێنێت.
  • بە قسەکانتڕا دیارە دەبێت چاومان لە دەستی خۆمان بێت و بە تەمای بەغدا نەبین؟
  • بێگومان دەبێت بە تەمای بەغدا نەبین، چونکە وەکو دەبینین ئێستە بەغدایەک دینار بۆ ھەرێمی کوردستان نانێرێت، ھەر لەبەر ئەوەشە پێویستە ھەموو حیزب و لایەنەکان پشتگیریی لە حکوومەتی ھەرێم بکەن، چونکە ھەندێک لایەنی عێراقی و وڵاتانی ناوچەکە، حەز ناکەن ھەرێمی کوردستان پێش بکەوێت و دەیانەوێت و ئەو قەوارەیە نەمێنێت.
  • کەواتە تا چەند گرنگە لایەنەکان پشتگیریی لە حکوومەتی ھەرێم بکەن؟
  • کورد لە قۆناغە سەختەکاندا بە تەنھا ماوەتەوە، بۆیە دەبێت لایەنەکان بیر لەوە بکەنەوە ھەر شتێک لە بەرژەوەندیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ئەوە بکەن، نەک دژی حکوومەتەکەی خۆیان بوەستنەوە و ڕێگریی لە چاکسازییەکان بکەن. لەوەتەی کابینەی نۆیەم دەست بەکاربووە، بە دەیان پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ کراون، یان لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، کە ئێستا لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەو پرۆژانە جێبەجێ ناکرێن. دەبینین ڕۆژانە بە دەیان کۆمپانیای بیانی دێنە ھەرێم و وەبەرھێنان دەکەن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ھەرێمی کوردستان سەقامگیرە، ئەمن و ئاسایش ھەیە، بۆیە دەبێت ھەموو لایەنەکان پشتگیریی لە حکوومەت بکەن، بۆ ئەوەی چاکسازی لە ھەموو سێکتەرەکاندا بکرێت.
  • وەکو حیزبی سۆسیالیست، پەیوەندیەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چۆن دەبینن؟
  • دوای ماوەیەکی زۆر حکوومەتی نوێی عێراق پێک ھات، ئێمە وەکو حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گەشبینین بەوەی حکوومەتی نوێی عێراق کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە بکات. حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دڵنیایی داوەتە بەغدا لەوەی ئامادەی ھەموو هاوکارییەکە بۆ چارەکردنی کێشەکان، کە چەندین ساڵە بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چارەکردنی کێشەکان چەند لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانە، دوو ئەوەندە لە بەرژەوەندیی عێراقە، چونکە بە چارەکردنی کێشەکان، ناوچەکە ئارام دەبێت و عێراق زیاتر پێش دەکەوێت.
  • بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا چیت ھەیە؟
  • ئەمڕۆ لە ھەموو کاتێک گرنگترە لایەنە کوردستانییەکانیەکبگرن، دەبێت رڕاکسیۆنەکانی کورد لە بەغدا وەکویەک فراکسیۆن کار بکەن، بەیەکدەنگ شەڕ لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن. ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە کاتێک حزبە کوردستانییەکان بوونەیەک، بەرەی کوردستانی پێکھات، ئەوەش وای کرد کوردستان لەڕژێمی بەعس پاک بکرێتەوە، بۆیە ئەگەر یەکگرتوو بین دەتوانین دەستکەوتی زیاتر بە دەست بھێنین، بەڵام ئەگەریەکگرتوو نەبین ئەو دەستکەوتانەی بە دەست ھاتوونە ئەوانیش لە دەست دەدەین. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەریەکگرتوو نەبین سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو ڕێککەوتنە وەکو خۆ جێبەجێ ناکات کە حکوومەتی عێراق لەسەر پێک ھێنراوە”.

ھەواڵی زیاتر