سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆکی حکومەت گوژمەیەک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری لافاو لە هەولێر تەرخان دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی دوو ملیار دینار بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو دا.

لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی گوژمەی یەک ملیار و 985 ملیۆن دیناردا، بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەریی لافاو لە گوندی گردجووتیار لە نزیك شاری هەولێر.

ئەم گوژمەیە بە شێوەی نەختینە و بە قۆناغ لەسەر بوودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو جێبەجێ دەکرێت.

رێگریكردن لە لافاو و كەمكردنەوەی زیانەكانی لە شارە جیاجیاكانی كوردستاندا، یەكێكە لە كارە سەرەكییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش رێوشوێنی جیاجیا دەگیرێنەبەر.