پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 02ـی 01ـی 2023 دەستگیرکردنی دوو کەسی بە تۆمەتی کوشتن ڕاگەیاند، کە لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی دیالە داواکراوبوون.
لە ڕاگەیەنراوێک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: مەفرەزەكانی نووسینگهی كوشتن و نووسینگهی ناوبازاڕی بهشی پۆلیسی نههێشتنی تاوان دوو تۆمەتباریان دەستگیر كرد كە لەسەر دۆسیەی كوشتن و بهپێی ماددهی 406 لەلایەن دادگەی لێكۆڵینەوەی پارێزگای دیالهوه داواكراوبوون.
ڕاشیگەیاند: دوای ئەوەی فەرمانی دهستگیركردنی دوو تۆمهتبار لەلایەن دادگەی لێكۆڵینەوەی پارێزگای دیالهوه گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بهشی پۆلیسی نههێشتنی تاوانی ڕاسپێردران كە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە بكەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی هەردوو تۆمەتبار بکەن.
لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە پاش كۆكردنهوهی زانیاری و ئهنجامدانی لێكۆڵینەوەی پێویست، توانرا ههردوو تۆمهتبار لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگهی كوشتن و نووسینگهی ناوبازاڕی بهشی پۆلیسی نههێشتنی تاوانهوه دەستگیر بكرێن.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا کە ئێستا ههردوو تۆمەتبار (ئـ. س. ع. – د. ک. ع) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و دوای تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان ڕەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێنەوە.