200 تۆن دۆشاوی تەماتەی هەڵەبجە هەناردە دەکرێت

رەزامەندی دراوە 200 تۆن دۆشاوی تەماتەی کارگەی شارەزوو لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەناردە بکرێت، تائێستا 120 تۆنی هەناردەی چەند وڵاتێک کراوە و چەندین وڵاتی دیکەش داوایان کردووە.

دوایین باری دۆشاوی تەماتەی شارەزوور کە 14 تۆنە رەوانەی وڵاتی سوید کرا، بەهۆی باشی بەرهەمەکە و کوالیتیەکەیەوە چەندین وڵاتی دیکە داوایان کردووە، دۆشاوی شارەزووریان بۆ بنێردرێت.

جاسم تەوێڵەیی، خاوەنی کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور گوتی”دۆشاوی تەماتەی ئێمە لە پشکنیندا کوالێتی زۆر بەرز بوو، بۆیە دەستمان کرد بە هەناردەکردنی، یەکەم باری دۆشاوی تەماتەمان بۆ بەریتانیا نارد، دواتر بۆ بەلجیکا و هۆڵەندا، ئێستاش بارێکی دیکە بۆ وڵاتی سوید هەناردە دەکەین”.

گوتیشی: “لە بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی رەزامەندیمان وەرگرتووە 200 تۆن دۆشاوی تەماتە هەناردە بکەین، تائێستا 120 تۆنمان ناردووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوە گرنگە بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومی جووتیارانی کوردستان و رەخساندنی هەلی کار.

ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارئاسانی تەواو بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان دەکات، تاوەکو جووتیاران و بازرگانەکان بتوانن بەرهەمەکانی ناوخۆ بگەیەنن بە وڵاتانی جیهان.