زیاتر لە ٢١٥ هەزار خێزان لە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی سوودمەندبوون

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، تاوەکو ٢٧ـی کانوونی یەکەمی٢٠٢٢، بڕی ٤٣ ملیۆن و ١٥٩ هەزار ٦٠٠ لیتر نەوتی سپیی ماڵانی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، دابەشکردووە.

بە پێی دوایین ئاماری وەبەرهێنانی کانزایی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، تاوەکو ئێستا ٢١٥ هەزار و ٧٨٩ خێزان، لە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی سوودمەندبوون و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.
لە سنووری پارێزگای هەولێر، ١٢ ملیۆن ٨١٣ هەزار و ٢٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و ٦٤ هەزار و ٦٦ خێزان، سوودمەندبوون.
لە سنووری پارێزگای دهۆک، ١١ ملیۆن و ٥١٧ هەزار و ٦٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و ٥٧ هەزار و ٥٨٨ خێزان، سوودمەندبوون.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش ١٨ ملیۆن و ٨٢٨ هەزار و ٨٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و ٩٤ هەزار و ١٤٤ خێزان، سوودمەندبوون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی ٧٠ ملیار دینار بۆ کڕینی نەوتی سپی، تەرخانکردووە و بەشێوەی تەندەر ٣٢٠ هەزار بەرمیلی بە نرخی ٢٨٤ هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دابینکردووە. هەروەها پاڵپشتیی حکومەت بۆ نرخی هەر بەرمیلێک دەگاتە ٦٥% و هاووڵاتییان تەنیا لە ٣٥% نرخەکەی دەدەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٩ـی کانوونی یەکەمی