ڤیان ده‌خیل پێشوازی له‌ بڕیاره‌كه‌ی سوودانی بۆ تاپۆكردنی خانوو و زه‌وییه‌كانی خه‌ڵكی شنگال ده‌كات


ڤیان ده‌خیل، پێشوازی له‌ بڕیاری سوودانی بۆ تاپۆكردنی خانوو و زه‌وییه‌كانی خه‌ڵكی شنگال ده‌كات و مه‌رجه‌كانیش بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ دیاری ده‌كات.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڤیان ده‌خیل، په‌رله‌مانتاری كوردی ئێزیدی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 28ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، دووپاتیكرده‌وه‌، بڕیاری سوودانی بۆ تاپۆكردنی زه‌وی موڵكی ئێزیدییه‌كانی شنگال و به‌ععاج، هه‌رچه‌ند ماوه‌ی نیو سه‌ده‌یه‌ دواكه‌وتووه‌، به‌ڵام هه‌نگاوێكه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی دروست، كه‌ له‌ ساڵی 1975ـه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار هاووڵاتیی ئێزیدی له‌ خاوه‌ندارێتی موڵك و زه‌وییه‌كانیان بێبه‌ش كراون.

ده‌شڵێت، به‌ر له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌، پێویسته‌ چه‌ند هه‌نگاوێك بگیرێنه‌به‌ر، له‌وانه‌ش، پێكهێنانی چه‌ند لیژنه‌یه‌ك به‌ به‌شداری ئێزیدییه‌كان و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی خۆجێیی پارێزگای نه‌ینه‌وا، دانانی پلانێكی سه‌ره‌كی بۆ دووباره‌ بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و هه‌روه‌ها پێدانی پێشینه‌ به‌شێوه‌ی قیستی درێژخایه‌ن به‌ ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی (سێشه‌ممه‌ 27ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر تاپۆكردنی خانووی ئێزیدییه‌كان دا، كه‌ بووه‌ مایه‌ی خۆشحاڵی پێكهاته‌ی ئێزدی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق.