محەمەد شوکری: بە سەرمایەی زیاتر لە نیو ملیار دۆلار مۆڵەتی پیشەسازی بە چەند کارگەیەک دراوە

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە لە ماوەی ساڵێکدا مۆڵەتی پیشەسازی بە 24 کارگە بە سەرمایەی زیاتر لە 556 ملیۆن دۆلار دراوە.

محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، “حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە کەرتی پیشەسازی دەدات و هەوڵیش دەدەین لە داهاتوودا لەگەڵ دروستبوونی ناوچەی پیشەسازیم ئەم بوارە زیاتر پەرەی پێبدرێت. ئەو کەرتە دەرفەتی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەخۆی زیاتر بۆ خەڵک دەڕەخسێنێت و کەرەستەی پێویست لە ناوخۆی کوردستان لە رێگەی کارگەکان دابین دەکرێت. ئەو سەرمایە زۆرەی پێشتر دەچووە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئێستا هەمووی لە ناو کوردستاندا وەبەرهێنانی پێدەکرێت”.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لەبارەی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییەوە گوتی: لە کوردستان یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی جێبەجێدەکرێت، ئێمە دەمانەوێت بەرهەمی کارگەکان پارێزراو بن بۆ ئەوەی لە بازاڕەکانی کوردستان ساخ ببنەوە. بۆ ئەم بابەتە هەنگاوی باش نراوە و بریاری پێویستیش بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، لە ئەنجوومەنی وەزیران دەردەچێت. بەرهەمی کارگە ناوخۆییەکان دەبێ بپارێزرێن، ئەگەرنا ناتوانێ رکابەرایەتی بەرهەمی کارگەی وڵاتانی دەوروبەر بکات.