زانیاری نوێ لەبارەی زیادکردنی بەشەخۆراکی مانگانە دەخرێتەڕوو

بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر ئاشکرای دەکات، ئەو ماددانەی بەشەخۆراک کە بڕیاردراوە زیاد بکرێن، هەموو هاووڵاتییان ناگرێتەوە.

دلێر عەبدولوا‌‌حید، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر راگەیاند، تائێستا بە فەرمی هیچ نووسراوێک لەبارەی زیادکردنی ماددەکانی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان بۆ ئەوان نەهاتووە.

گوتیشی: “بەدواداچوونمان بۆ ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، زیادکردنی ماددەکانی بەشەخۆراک بۆ ئەو هاووڵاتییانە نییە کە پسولەیان هەیە، بەڵکو بۆ ئەو کەسانەیە لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون، وەکو بە تەمەنەکان و پەککەوتەکان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان رۆژانە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی عێراق لەسەر هێڵن، ئەوان پێیان گوتون کە زیادکردنی مادەکانی بەشەخۆراکی مانگانە هەموو هاووڵاتییان ناگرێتەوە.

راشیگەیاند، لە ساڵی داهاتوودا دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە بەردەوام دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردراوە، چەند ماددەیەک لە بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان زیادبکرێت، بەڵام تائێستا وەزارەتی بازرگانی عێراق وردەکاری لەوبارەوە بڵاونەکردووەتەوە