ئەمڕۆ دووشەممە 26/12/2022، ژمارەیەک لە کارمەندانی تەندروستی لە بەردەم فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی ناعەدالەتییەوە گردبوونەوەکەیان ساز داوە.
ڕێکخەرانی گردبوونەوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە 500 پارچە زەوی دابین کراوە بدرێت بە کارمەندانی تەندرووستی لە کەرکووک، بەڵام بەشی هەرە زۆریان بۆ پزیشکان دابین دەکرێت، کە ئەوان خۆیان خاوەنی خانوو و ڤێلان.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن: دەبێ بێ جیاوازی ئەو زەوییانە بەسەر کارمەندانی ئیداری و هونەریی سەر بە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووکدا دابەش بکرێن، نەک بەشی زۆریان بدرێت بە پزیشکان کە ئەوەش ناعەدالەتییە و جێگەی قبووڵ نییە.
هەر ئەمڕۆ لە کەرکووک لە بەرامبەر ناعەدالەتییەکی تری ئیدارەی کەرکووکدا کاسبکارانی عەلوەی خانخورمای کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد دژی ئەوەی کار کراوە دوای سەری ساڵ عەلوەکەیان دابخەن و خەڵک بێکار و کاسبی بکەن.