حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە پاڵپشتی کردنی کەرتی کشتوکاڵی

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و بەسەرچوونی کاتی بەرهەمهێنانی بەربوومە کشتوکاڵییەکان، لە ژمارەیەک لە کێڵگە کشتوکاڵییە سەرداپۆشراوەکاندا چەندین جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی بەردەم دەهێنرێی.
پڕۆژەی فوود سیتی یەکێکە لەو پرۆژانەی هەفتانە ٧ هەزار و ٥٠٠ تۆن خاس(کاهوو) بەرهەمدەهێنرێت و ساڵانەش ٤٠ هەزار تۆن فراولە (شلک) و ١٣٠ هەزار تۆن تەماتە بەرهەمدەهێنرێت، جیاواز لەمانەش ساڵانە ١٦ هەزار مەتر دووجا فریز (چیمەن) دەخاتە بازاڕەکانەوە.
هەڵوێست نەوزاد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فوود سیتی دەڵێت:”دەتوانین شتی هەمەجۆری تێدا بچێنرێت، وەکو تەماتە و خەیار و بیبەر و سەوزە و میوە و تێدا دەچێنرێت. لە وڵاتان مۆزو و چەندین جۆر میوەی دیکەشی تێدا دەچێنرێت لەناو کێڵگانە، بەڵام ئێمە تەنیا تەماتە و فراولە و خازی تێدا دەچێنین.”
هەڵوێست نەوزاد، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەوان خەڵکی بیانی دەهێنن بۆ ئەوەی لێیانەوە فێربن، هەروەها مادەی کیمیای و کشتوکاڵی لە دەرەوەی وڵات دەهێنن کە حکومەت لەوەشدا کار ئاسانیان بۆ دەکات.
پڕۆژەی فوود سیتی نمونەیەکە لەو کێڵگانەی کە لەژێر سایەی سیاسەتی پەرەپێدانی بە کەرتی کشتوکاڵ لەلایەن کابینەی نۆیەمەوە دەستی بەکارکردووە و بەرهەمەکانیشی لە ناوخۆ ساخ دەکرێتەوە و دەیان هەلی کاریشی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان رەخساندووە.
ئاری ئەسعەد، کرێکارێکی خەڵکی کەرکووکە و لە هەولێر دادەنیشێت، ئەو لە یەکێک لەو کێڵگانە کار دەکات و دەڵێت:”لێرەدا تەماتە دەچێنین، لە کاتێکدا لە دەرەوەی ئەو کێڵگانە کاتەکەی تەواو بووە، بەڵام ئێمە لێرە تەماتە دەچەنین و دەیبەینە بازاڕ و لە بازاڕ ساغی دەکەینەوە.”
ئاری ئەسعەد دەڵێت:”من لە سایەی ئەم پرۆژەیەوە کاری خۆم دەستکەوتووە و مانگانە داهاتێکم هەیە.”
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیدگایەکی تایبەتی بۆ کەرتی کشتوکاڵ هەیە و جگە لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراك و پێداویستی ناوخۆیی، ئێستا کار بۆ هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە زیاتر لە پێویستی ناوخۆیی بەرهەمدێت دەکات و سیاسەتی پشتیوانیکردنی جوتیارانیش پەیڕەو دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢