سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان: داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین سه‌قامگیری و پێكه‌وه‌ژیانی هه‌رێمی كوردستان بپارێزن

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بۆنی جه‌ژنی له‌دایكبوونی مه‌سیح (دروودی خوای لەسەربێت)، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی كریستیانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، عێراق و جیهان ده‌كات و جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی سه‌قامگیری و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاوازه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌.  

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (24ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح (دروودی خوای لەسەربێت)، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، “جوانترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی خوشک و برایانمان لە کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان دەکەین، هیواداراین ئەم یاده‌ بە خۆشی و ئارامی بكه‌نه‌وه‌ و لە هەموو ناخۆشی و بەڵایەک بەدووربن”.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكراوه‌، كه‌ هەرێمی کوردستان بە درێژایی مێژوو لانکەی پێکەوەژیان، قبووڵکردنی جیاوازییەکان و پەناگەیەکی ئارام بووه‌ بۆ خوشک و برایانمان لە پێکهاتەی کریستیان و سه‌رجه‌م ئەو ئاوارە کریستیانانەی كه‌ لەبەر زوڵم و زۆری لە ناوچەکانی دیکە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و هەرواش دەمێنێتەوە.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، داوا لە هەموو لایەک ده‌كات ئەو سەقامگیری، پێکەوەژیان، فرەنەتەوەیی و ئاینییەی له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ بپارێزن و جه‌ختی له‌سه‌ر زیاتر په‌ره‌پێدان به‌و “نموونە جوانەی لە کوردستان هەیە” كردووه‌ته‌وه‌.