گومان دەكرێ داخستنی شوێنەكانی سەرچنار بۆ بەرژەوەندیی كۆمپانیاكانی یەكێتی بێت

گومان دەكرێ ئەو شوێنانەی مەی خواردنەوە و كات بەسەربردن كە شەوی رابردوو لە سلێمانی داخران و بانگەشەی ئەوە كرا بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی بووە، لەبەر خاتری كۆمپانیای بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت تاوەكوو دواتر پرۆژەی لەسەر بكات.

شەوی رابردوو میدیاكانی یەكێتی هەڵمەتێكی میدیاییان كرد و بانگەشەی ئەوەیان كرد گوایە ژمارەیەكی زۆر لە شوێنەكانی مەی فرۆشی و كات بەسەربردن لە گەڕەكی سەرچناری سلێمانی بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی داخراون و چەند ڤیدیۆ و وێنەی بافڵ تاڵەبانیش لەو گەڕەكە بڵاو كرایەوە.

بە گوێرەی زانیاریەکان لە پارێزەرێكی ئاگاداری كەیسەكەوە دەستی كەوتووە، كێشەكە پەیوەندی بە ململانێیەكەوە هەیە كە ماوەی سێ ساڵە لەسەر ئەو شوێنە هەیە بۆ ئەوەی بەشێك لە پرۆژەكانی گەڕەكی سەرچنار، لە كۆمپانیایەك وەربگیرێتەوە كە ماوەی 25 ساڵە بەدەستیەوەیە و ئامادە نییە رادەستی كۆمپانیاكانی سەر بە بەرپرسێكی سلێمانی بكاتەوە.

پارێزەرەكە ئاشكرای كرد كە بە فشاری ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كە لەم دواییانە پێگەیەكی باڵای سیاسیشی بەدەست هێناوە، بافڵ تاڵەبانی شوێنەكانی مەی خواردنەوە و كات بەسەربردنی لە گەڕەكی سەرچنار داخستووە و بۆ سەرقاڵكردنی رای گشتی و لابردنی سەرنجەكان لەسەر بابەتی كۆمپانیاكە، داخستنەكە خراوەتە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگە كە لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەكی بەم بابەتەوە نییە. 
پارێزەرەكە بەڵگەی بەوە هێنایەوە كە دەیان شوێن لە سلێمانی هەن، جگە لە مەی خواردنەوە و كاری نایاسایی و گوماناوی، قوماریشی تێدا دەكرێت و دانەخراون.

قومارخانەكان گیرفانی خەڵكی سلێمانی هەڵدەتەكێنن
لەمبارەیەوە عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) پرسیاری ئەوەی كردووە، ئاخۆ قومارخانەکانیش دادەخرێن كە پێچەوانەی یاسان و ”هەزاران خێزانیان هەڵوەشاندۆتەوە.“

هاوكات وێنەی نامەی كەسێكیشی بە ژمارە مۆبایلی ئەو كەسەوە بڵاو كردۆتەوە كە تێیدا باسی لەوە كردووە، باوكی لە شوێنێكی قوماركردن ”بە ملیۆن دۆلاری دۆڕاندووە، وای لێهاتووە شیرازی ماڵمان تێك چووە.“

ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە هەر لەو قومارخانانە، ”بانكیان هەیە، پارە بە سوو دەدەن، لەم ماوەی پێشوو دوو دەفتەر (20 هەزار دۆلار)یان بە باوكم داوە.“
بە گوتەی ئەو كەسەی نامەكەی بۆ عەلی حەمەساڵح ناردووە، لە قومارخانەكەدا ژمارەیەك كەسی شەڕانگێزیان بە گژ ئەوانەوە ناوە و چوونەتە سەر ماڵیان. گوتووشیەتی: ”ناوی ئەو كەسانەشم هەمووی لایە، ئەگەر ویستتان دەتوانم پێتانی بدەم.“

پارێزەرەكە دەڵێ سەرچنار بە كۆمپانیای بەرپرسەكەی یەكێتی دەدرێ
ئامانج لەو هەڵمەتە، بۆ ئەوەیە پێش تەواوبوونی ماوەی موساتەحەی كۆمپانیاكە، سەرجەم زەوییەكان و پرۆژەكەی لێ وەربگرنەوە و بیدەن بە كۆمپانیای بەرپرسەكەی یەكێتی و بكرێت بە شوێنێكی گەشتیاری تاوەكوو زیاتر قازانجی لێ بكەن، بەڵام ”بە هەمان شێوەی پێشوو و بگرە زیاتریش، شوێنی مەی خواردنەوە و كات بەسەربردنی لێ دەكرێتەوە، هەڵمەتەكەی بافڵ تاڵەبانی فریودەرانەیە.“

ڕوونكردنەوەی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی گوماناوییە
بەپێی ئەو ڕوونكردنەوەیەی كە ڕۆژی 23ی 12ی 2022 لە لایەن نووسینگەی بافڵ تاڵەبانییەوە بڵاو كراوەتەوە، گومانەكان زیاتر دەبن، بەهۆی ئەوەی ئاشكرایان كردووە كە ئەم هەنگاوەی بافڵ تاڵەبانی ناویەتی، ”دەستپێکی راگەیاندنی پرۆژەیەکی گەورەترە بە ناوی (ئاشتکردنەوەی سلێمانی) و لە سەیرانگەی سەرچنارەوە وەک سیمایەکی مێژوویی و گرنگی شارەکە دەستپێدەکات و لەپێناو ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ سلێمانی بەردەوام دەبێت.“

بانگەشەی ئەوەش كراوە كە چەندان خزمەتگوزاریی لەو گەڕەكە گەشتیارییەی سلێمانی پێشكەش دەكەن.

ئەم راگەیاندراوەی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی گومانی ئەوە دەخاتە ڕوو كە لە داهاتوودا كۆمپانیاكانی یەكێتی بە ناوی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەوە، پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سەرچنار بكەن و پارەیەكی یەكجار زۆر قازانج بكەن.