لە هێرشێکی چەکداریدا لە پاریس سێ هاووڵاتی کورد کوژران

جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لەوبارەیەوە رایگەیاند، بەڕوونی دیارە چەکدارەکە کەسانی بیانیی بەئامانج گرتووە.

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشدا، چەکدارەکە پێشتر شۆفێری شەمەندەفەر بووە و خانەنشین بووە، بەڵام “دڵنیا نین چەکدارەکە بەتایبەت خەڵکی کوردی بەئامانج گرتووە”.

ئەمڕۆ هەینی، کەسێکی (تەمەن 69 ساڵ) لە پاریس، بە چەکەوە هێرشیکردە سەر ئارایشتاگەیەک و ناوەندی کولتووری (ئەحمەد کایا)، لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی کورد کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، دواتریش هێرشکارەکە دەستگیرکرا.

پاش دەستگیرکردنی هێرشکارەکە و بڵاوبوونەوەی هەندێک زانیاری لەبارەی رووداوەکە، کوردانی دانیشتووی فەرەنسا و بەشێک لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانێکیان دژی ئەو هێرشە دەستپێکرد و تێیدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبوو.