سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ڕاگەیەنراوێک لە حکوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە لەسەر هێرشکردنە سەر ڕەوەندی کوردی لە پاریس

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 23ـی 12ـی 2022 هێرشکردنە سەر ڕەوەندی کوردی لە پاریس سەرکۆنە و شەرمەزار کرد.

لە ڕاگەیەنراوێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بە تووندی ھێرشی سەر ڕەوەندی کورد لە پاریس سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین.

ڕاشیگەیاند: پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی ھێرشەکە دەکەین و ھیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین، ھەروەھا داواش لە ڕەوەندی کورد لە ئەوڕوپا دەکەین ئارام بن و دان بەخۆیاندا بگرن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوە دا کە “ئێمە باوەڕی تەواومان بە دامودزگەکانی حکوومەتی فەرەنسا و سیستەمی دادوەریی ئەو وڵاتە ھەیە کە ڕێکاری پێویست دەگرنەبەر بۆ پاراستنی کوردستانییانی نیشتەجێی فەرەنسا و بەسزاگەیاندنی ھێرشبەر و تاوانباران.”