چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئه‌مڕۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی ده‌گاته‌ هه‌ولێر

دوای ئه‌نجامدانی سه‌ردانێكی چه‌ند كاتژمێری بۆ شاری به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رپرسانی باڵای عێراق، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان.

بڕیاره‌ جۆرجیا میلۆنی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا دوای كاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆ بگاته‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێ بكرێ.

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا دوای ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی سوپای وڵاته‌كه‌ی ده‌كات كه‌ ئێستا به‌ ئه‌ركی سه‌ربازی له‌ هه‌رێمی كوردستانن.

ئیتاڵیا كه‌ دانیشتووانه‌كه‌ی زیاتر له‌ 60 ملیۆن كه‌سه‌، له‌ ڕووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین و كاریگه‌رترین وڵاتانی ئه‌وروپا و جیهان داده‌نرێت، له‌ ڕووی ئابووریشه‌وه‌ به‌ یه‌كێك له‌ وڵاته‌ پێشه‌نگ و مه‌زنه‌كانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری له‌ جیهاندا داده‌نرێت.

هه‌ر له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ساڵی 1991، حكوومه‌تی ئیتاڵیا په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانیش زیاتر له‌ڕووی سیاسی و كولتووری و رۆشنبیری و بازرگانی و وه‌به‌رهێنان و هاوكاری سه‌ربازی‌‌ خۆیان بینیوه‌ته‌وه‌.

له‌ ده‌ستپێكی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش له‌ ساڵی 2014، ئیتالیا بووه‌ته‌ ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕی دژی تیرۆریستان و ئێستاش نزیكه‌ی 900 سه‌رباز و ڕاوێژكار و راهێنه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیتاڵیا رۆلی كاریگه‌ریان هه‌بووه‌ له‌ تێكشكاندنی هێرش و پێگه‌ و مۆڵگه‌كانی چه‌كدارانی داعش و له‌ناوبردنیان.

له‌ ڕووی مه‌شق و ڕاهێنانه‌وه‌ش، هێزه‌كانی ئیتالیا تا ئێستا مه‌شق و ڕاهێنانیان به‌ زیاتر له‌ 58 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامانی سوپا و هێزه‌كانی پۆلیسی عێراقی كردووه‌.

ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا، دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ رۆژی 8ی كانوونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردبوو و تێیدا به‌ڵێنی دابوو كه‌ له‌ نزیكترین كاتدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات.

جۆرجیا میلۆنی له‌ نامه‌كه‌دا دووپاتی كردبووه‌وه‌ له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تیش په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی دوو لایه‌نه‌ له‌ بواره‌كانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كشتوكاڵ و وزه‌‌.

ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا، دوای تێپه‌ڕبوونی ماوەیەکی كه‌م دێت بەسەر سەردانه‌ مێژووییه‌كه‌ی کاتالین نۆڤاک سه‌رۆكى هه‌نگاريا بۆ هەرێمی کوردستان و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی و کوردستان كه‌ ده‌نگۆیه‌كی ئیقلیمی و جیهانی به‌دوای خۆیدا هێنا.