محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئاماژەدان بە دامەزراندنی سندووقی وەبەرهێنان و دروستکردنی بڕاندی کوردستان، دووپاتیکردوە کە نزیکەی هەزار و ٣٠٠ دەرفەتی وەبەرهێنانی بۆ ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان ئامادەیە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (پێنجشەممە ٢٢ـی کانوونی یەکەم) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئاشکرایکرد، لە ماوەی ئەمساڵدا (٢٠٢٢) ١٣ مۆڵەتی وەبەرهێنان هەڵوەشاوەتەوە و هەوڵدراوە جارێکی دیکە دەرفەتی وەبەرهێنانەکان بدرێنەوە بە وەبەرهێنەری دیکە.
محەمەد شوکری، لەبارەی پلانی دەستەکەیان بۆ وەبەرهێنان لە ساڵی داهاتوودا گوتی: پلانی وەبەرهێنان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئامادەکراوە و لە رێبەرێکدا چاپ دەکرێت. هەزار و ٣٠٦ دەرفەتی وەبەرهێنانی تێدایە و لەوانە ٣٣٠ دەرفەتی وەبەرهێنانی سەوز. لە تێکڕای پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، سەرووی ١٣٠ هەزار دەستی کار بە شێوەی راستەوخۆ لە پرۆژەکانمان کار دەکەن و بە هەزاران کەسی دیکەش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دەرفەتی کاریان بۆ رەخساوە و هەوڵماندا ٧٥٪ـی پرۆژەکان دەستی کاری ناوخۆیی بێت.
ئەو گوتیشی: ئەمڕۆ بە رەزامەندی سەرۆکوەزیران، دروستبوونی سندووقی وەبەرهێنان لە هەریمی کوردستان دروستبووە. سندووقەکە داهاتی خۆی دەبێ و ئێمە وەکوو دەستە لە بەشێکی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون بەشدار و هاوبەشین، لەو رەگەزگۆڕینەی کە بۆ هەندێ پڕۆژە کراوە، ٥٪ـی پڕۆژەکان موڵکی دەستی وەبەرهێنانە و لەناو سندووقی وەبەرهێنان دادەندرێت و دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی راستەوخۆی پێدەکات.
بڕاندی کوردستان
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ ئاماژەدان بە هەوڵەکانی دەستە بۆ راکێشانەی وەبەرهێنانی بیانی، رایگەیاند، “بە رەزامەندی سەرۆکوەزیران، بڕاندی کوردستان رادەگەیەنین کە بەناوی (ئینڤێست کوردستان)ـە، ماڵپەڕێکی نوێ بۆ ئەمە دروستدەکرێت. جەختمان لەسەر ئەوەیە بە خەڵکی جیهان بڵێین، ئێمە ناوچەیەکین بۆ ئەو دەرفەتانەی تا ئێستا باس نەکراون، بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی بیانیی زیاتر بۆ هەرێمی کورستان رابکێشین”.
دەستەی وەبەرهێنان هەوڵدەدات لە ساڵی ٢٠٢٣ بەهاوکاریی شارەزایانی یاسایی نێودەوڵەتی، رەشنووسی یاسای وەبەرهێنان لە کوردستان ئامادە بکات، “بەجۆرێک کە لەگەڵ بنەما نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت و ئەمەش لەپێناو راکێشانی وەبەرهێنانی بیانییە”.
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئەمساڵ (٢٠٢٢) لە کۆی ٨٩ پڕۆژەی وەبەرهێنان، تەنها دوو پڕۆژەی وەبەرهێنانی بیانی بووە و “پێمانوایە ئەو رێژەیە کەمە و دەبێ کاری زیاتری لەسەر بکرێت”.