چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی کۆدەبێتەوە

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی دەکات.

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە کوردستان24 راگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/12/2022، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندی یەکێتی و پارتی و دوایین گۆڕانکارییەکان دەکرێت.

هاوکات  هەر ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتی، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکرێن.

 ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ تیمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کرد و کەشێکی ئەرێنی لەنێوان هەردوو تیمی پارتی و یەکێتی لە حکومەت هەیە و کۆبوونەوەش لەنێوان هەردوولادا بەردەوامە.

تیمی پارتی و یەکێتی لە حکومەت لەسەر گۆڕانکارییەکان لە حکومەت و پەرلەمان لێکتێگەیشتنی باشیان هەیە.