ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: دوابەدواى فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەى دروستکردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لەهێمن قادر و مەسعود کارەش، جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و به‌رێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەرێوەبەری گشتیى شارەوانییەکان و به‌رێوه‌به‌ری نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانی هه‌ولێر و به‌رێوه‌به‌ری گشتیی ڕێگەوبانی هه‌ولێر، کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا.
ڕاشیگەیاند: لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، دواى پێداچوونەوە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى پێشوو و دابینکردنى ئەرز و وردەکاری هونەریی و دیزاین و چۆنییەتى دروستکردن و دەستپێکردنى پڕۆژەکە لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى و به‌رێوه‌به‌رایەتی نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانی هه‌ولێر، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى ئەوەى جه‌ختی لە جێبەجێکردنی فەرمان و ڕاسپاردەى سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه لەبارەى دروستکردنی یەكەکانی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشین و كەمدەرامەتان، بڕیاری دا دەست بە دروستکردنى پڕۆژەکە بکرێت لە ڕێگەی باشترین وەبەرهێنەرانی کوردستان، بە باشترین و چاکترین کوالێتى و شێواز، لە دوو شوێنى زۆر باشى شارى هەولێر، کە دەکەوێتە نێوان شەقامى 120مەترى و 150مەترى.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە لە تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لێژنەیەکى تایبەت پێکهێنرا بۆ دەستکردن بە هەڵاواردن و جیاكردنەوەی ناوى ئەو (59 هەزار) هاووڵاتییەى کە فۆڕمى داواکاری وەرگرتنى یەکەکانیان پڕکردۆتەوە و پاشان دەستبکرێت بە تیروپشکى داواکارییەکان بۆ وەرگرتنى (6 هەزار) یەکەى نیشتەجێبوون، کە دەبێت ئەوناوانەى یەکەکانیان بۆ دەردەچێت 100% شایستەبن و هەموو ئەو مەرجانەى کە دانراون لە سەریان جێبەجێ بکرێت و پڕۆسەکەش بەشەفافی و دادپەروەرى و دوور لە واستە و واستەکارى بەڕێوە بچێت.
جێگەى باسە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سەرەتاى مانگى 6ـی ئەم ساڵ له‌پێناو نەهێڵانى گرفتى نیشتەجێبوون و خۆشگوزه‌رانی هاووڵاتییانی کرێنشین و هەژار و كه‌مده‌رامه‌تان، بڕیاری دا بە دروستکردنى 20 هەزار یەکەى نیشتەجێبوونى لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان، کە 6 هەزارى یەکەیان بەر پارێزگاى هەولێر دەکەوێت