پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئەمساڵ بە گوژمەی نزیکەی 23 ملیار دینار پڕۆژەی ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان تەواو کراون

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان بە گوژمەی نزیکەی 23 ملیار دینار پڕۆژەی ڕێگاوبان تەواو بوون، کە 144 پڕۆژەن و لەسەر سێ بودجەی جیاواز جێبەجێ کراون.

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگرین عەبدوڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”ئەو پڕۆژانەی ئەمساڵ تەواو بوون ئەو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی وەبەرهێنان سێ پڕۆژە هەبوون لە سلێمانی و دهۆک و هەولێر بە گوژمەی 14 ملیار و 560 ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی ئاسایی 74 پڕۆژە بوون پڕۆژەی ڕێگای گوندەکان و چاککردنەوە کە پڕۆژەی بچووکن بە گوژمەی چوار ملیار و 310 ملیۆن و 761 هەزار دینار و لەسەر بودجەی 30%ی داهاتی وێستگەکان 67 پڕۆژەیە کە چاککردنەوەی ڕێگاکانە بە گوژمەی 3 ملیار و 986 ملیۆن و 433 هەزار دینارە.”

ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: ”ئەو پڕۆژانە ئەمساڵ تەواو بوونە کە کۆی گشتیی پارەی بۆ تەرخان کراوە 22 ملیار و 857 ملیۆن و 194 هەزار دینارە و کۆی پڕۆژەکانیش 144 پڕۆژەیە.”

عەبدوڵا ڕوونیشی کردەوە: ”لە هەولێر 58 پڕۆژە و لە سلێمانی 81 پڕۆژە و لە دهۆکیش 5 پڕۆژە جێبەجێ کراون.”