ئەم پاداشتە هێزی پێشمەرگەش دەگرێتەوە

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، هەموو فەرمانبەران کە خانەنشین دەبن پاداشت دەکرێن، بەڵام ئەو پاداشتە هێزی پێشمەرگە ناگرێتەوە، بۆیە لە هەوڵداین و لەسەر خەتین لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی کە پاداشتەکە هێزی پێشمەرگەش بگرێتەوە، کە مافی خۆیانە وەکوو فەرمانبەران وەریبگرن .

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، ڕیڤینگ هروری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”هەر فەرمانبەرێک کە خانەنشین دەبێت بەهۆی ئەوەی لە کاتی دەوام بەشێک لە پارەکەی دەگەڕێندرێتەوە و کاتی خانەنشینبوون وەکوو پاداشت شەش مووچەیان بە سەریەکەوە پێ دەدرێت، بەڵام هێزی پێشمەرگە سەرەڕای ئەوەی پارەکەیان لێ دەگێڕدرێتەوە لە مووچە مانگانە، کەچی لە کاتی خانەنشین بوون بێبەشن لەو پاداشتە، بۆیە ئێمە سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە و داراییمان کردووە و لەگەڵیان کۆ بووینەتەوە کە مافی پێشمەرگەیە کاتێک خانەنشین دەبن بۆ ئەوەی ئەو پاداشتە وەربگرن.”

ڕیڤینگ هروری گوتیشی: ”مادام پارە لە مووچەی مانگانەیان دەبڕن، هەرچەندە پارەیەکی کەمیشە، بەڵام پێویستە لە کاتی خانەنشینبوون پێیان بدرێتەوە، کە دەخرێتە سندووقێکەوە، بۆیە بڕیارە هاوشێوەی فەرمانبەران ئەو پاداشتە بدرێتە هێزی پێشمەرگەش، ئەوانیش باسیان لەوە دەکرد بودجەیەک دەدرێتە وەزارەتی پێشمەرگە  و بەشێکی بۆ ئەو مەبەستەیە، بەڵام پێویستە بێتە ڕێکخستن و پاداشتەکەیان پێ بدرێت و داکۆکی دەکەین کە ئەو پارەیان پێ بدرێت و پارەکەیان پێ بدرێت، چونکە مافی ئەوانە، بۆیە ئێستا لە هەوڵداین کە ئەو پرسە لە نێوان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و داراییدا یەکلایی بکرێتەوە و پاداشتەکە هێزی پێشمەرگەش بگرێتەوە.”

ھەواڵی زیاتر