وەكو چاوەڕوان دەكرا، دادگای توركیا بڕیاری دا دوو ساڵ و حەوت مانگ و پانزە رۆژ، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورەشارەوانی ئیستانبۆڵ زیندانی بكرێت، بەمەش رێگەی لێ دەگیرێت كاری سیاسی بكات و هەروەها لە سەرۆكایەتیی شارەوانییش دووری دەخەنەوە. شەڕی راستەقینەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دەست پێدەكات.
ئیمامئۆغڵو، تاكە سەركردە بوو لە توركیا، كە كێبڕكێیەكی تەواوی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغاندا دەكرد؛ ئەو كاتێك توانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، لە بەربژێری ئەردۆغان بباتەوە، كە بیناڵی یڵدرم بوو، ئیدی ترسی ئاكەپە و ئەردۆغان لەو كەسایەتییە گەورە بوو.
ئیمامئۆغڵو، دوو سزای بەسەردا سەپێندرا، یەكەمیان بەندكردن بۆ ماوەی دوو ساڵ و حەوت مانگ و پانزە رۆژ، دووەمیش قەدەغەی سیاسەتی لەسەر جێبەجێ كرا، واتە بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ هیچ شتێك خۆی بەربژێر بكات.
ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی سیاسیی توركیا بدەینەوە، هەموو ئەو سەرۆكانەی قەدەغەی سیاسەتیان لەسەر جێبەجێ كراوە، كاتێك ئەو یاساغەیان لەسەر هەڵگیراوە، بوون بە كەسایەتییەكی گەورە و لەناو خەڵكدا پێشوازییەکی گەورەیان لێ كراوە و براوەی هەڵبژاردن بوون، نموونە (سلێمان دەمیراڵ، بڵند ئەجەویت). زیندووترین نموونەش رەجەب تەییب ئەردۆغانە، كاتێك لە خارپیت شیعرێكی خوێندەوە و داوای یاسایی لەسەر تۆمار كرا، قەدەغەی سیاسەتی لەسەر جێبەجێ كرا، بەڵام دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، بڕیاری دا ئەو سزایەی لەسەر هەڵبگیرێت و توركیاش بڕیارەكەی جێبەجێ كرد، ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی 2002دا بووە براوەی هەڵبژاردن.
ئەگەر زۆرە، ئیمامئۆغڵوش بەهەمان شێوە، دوای ئەوەی قەدەغەی سیاسەتی لەسەر هەڵگیرێ، ئیدی ببێتە سەركۆماری توركیا و گەل لە باوەشی بگرێت.
ئەگەرچی بڕیاری دادگا دژی ئیمامئۆغڵو دراوە و كۆتایی پێ هاتووە، بەڵام ئیمامئۆغڵو بۆی هەیە لە دادگای تێهەڵچوونەوە تانە لە بڕیارەكە بدات، كە هەر واشی كرد، پاشان بۆی هەیە بڕیارەكە تەمیز بكاتەوە، ئەگەر هەر سوودی نەبوو، ئیدی بۆی نییە لەسەر كورسیی سەرشارەوانیەتیی ئیستانبۆڵ دابنیشێت.
ئەگەر سەیری سۆسیال میدیا بكەین، دەبینین سۆزێكی زۆر گەورەی جەماوەر بۆ ئیمامئۆغڵو دروست بووە، هەموویان پشتگیری لێ دەكەن و وەكو مەزڵووم ناوی دەبەن، جیا لەوەش سەركردەكانی توركیا، دووپاتی دەكەنەوە دادگای توركیا بڕوا و متمانەی لەدەست داوە و رووی راستەقینەی خۆی دیار كرد، كە لەژێر هەیمەنەی ئەردۆغاندایە.
شەڕی گەورەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لێرەوە دەست پێدەكات، ئەویش كاتێك ئیمامئۆغڵو لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بەربژێر دەكرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا.
سیناریۆیەكە بەو شێوەیەیە، تا كاتی هەڵبژاردنی توركیا كە حەوت مانگی ماوە، دادگای تیاهەڵچوونەوە و تەمییز، ناتوانن بڕیاری كۆتایی لەبارەی تانەكەی ئیمامئۆغڵوەوە بدەن، بۆیە دەتوانرێت بەربژێر بێت و قەدەغەی سیاسەتی جارێ لەسەر جێبەجێ ناكرێت، روونیشە خۆشەویستیی جەماوەری زۆر زۆر بووە و ئەگەر زۆرە بتوانێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت و كلیلی كۆشكی كۆماری توركیا لە ئەردۆغان وەربگرێت.
بەڵام لە ئەگەر ئەوەی بەر لە هەڵبژاردن بخرێتە زیندانەوە و قەدەغەی سیاسەتكردنی لەسەر جێبەجێ بكرێت، ئەو كەسەی دەبێتە جێگیرەوەی ئیمامئۆغڵو، بۆ بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، بەهەمان شێوە خەڵك دەنگی پێدەدات، چونكە پێیانوایە دەنگدان بە هەر بەربژێرێكی ئۆپۆزسیۆن، دەنگدانە بە ئیمامئۆغڵو. بۆیە ئۆپۆزسیۆنی توركیا، تاكە رێگەی بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن، بەپەلە بەربژێركردنی ئیمامئۆغڵووە.
وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، ئەردۆغان بەو هەنگاوەی دژی ئیمامئۆغڵو، خۆكووژی سیاسەتی كرد، چونكە لەبری ئەوەی رێگە بۆ خۆی خۆش بكات تا ببێتەوە بەسەركۆمار، چاڵی بۆ خۆی هەڵكەند و وەكوو چۆن شارەوانی ئیستانبۆڵی لەدەست دا، بەهەمان شێوە پۆستی سەرۆكایەتیش لەدەست دەدات و ئیمامئۆغڵوش دەبێتە ئەجەلی ئەو.
ئەوكاتانەی وەزارەتی ناوەخۆی توركیا، دەیان سەرۆك شارەوانی سەر بە هەدەپەی قەیووم كرد و لە پۆستەكەی دووری خستنەوە، هەروەها كاتێك سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی پێشووتری هەدەپە و دوانزە پەرلەمانتاری تر خرانە زیندانەوە، ئۆپۆزسیۆن هیچ هەڵوێستێكی نەبوو، ئەوكات چەند نووسەرێك داوای لە كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە كرد، دژی ئەو فشارەی سەر هەدەپە بێتە دەنگ، چونكە ئەگەر بێدەنگ بن، ئیدی دەسەڵات بوێری ئەوەی دەبێت، رۆژێك لە دەرگای سەرۆك شارەوانییەكانی جەهەپەش بدات و دەریان بكات، كە هەر واشی كرد و لە شارەوانی ئیستانبۆڵەوە دەستیان پێی كرد.
ئەوەی مایەی رەخنەیەكی زۆرە، ئیمامئۆغڵو بەهۆی ئەوەی وشەی (ئەحمەق)ی بەرامبەر بە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بەكار هێناوە، ئەوكاتەی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019یان پەسند نەكرد و بڕیاریاندا هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە، هیچ یەكێك لە ئەندامانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن داوای یاساییان تۆمار نەكردووە، بۆیە بڕیاری دادگا، ئەو رقەی ئەردۆغان و ئاكەپەیە بەرامبەر بە ئیمامئۆغڵو، كاتێك توانی شارەوانی ئیستانبۆڵیان لێ وەربگرێت و دووچاری شكستیان بكاتەوە.
ئەردۆغان، بۆ ئەوەی ببێتەوە بەسەركۆماری توركیا، كە بەگوێرەی راپرسییەكان ئەگەرێكی لاوازە بتوانێت هەڵبژاردن بباتەوە، هەموو رێگەیەك دەگرێتە بەر، تەنانەت دوور نییە، ئەمجارەیان كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپەش بخاتە زیندانەوە، بۆیە ئەو پەندە لەسەر جەهەپە جێبەجێ ناكرێت (دەستم بە كڵاوی خۆمەوە گرتووە با نەیبات)، چونكە كاتێك بەبەرچاوی جەهەپە و پارتەكانی تری ئۆپۆزسیۆن، دەیان پەرلەمانتار و سەرۆك شارەوانی هەدەپە دەستگیر كران و دوور خرانەوە، جەهەپە دەیگوت كڵاوی خۆم دەگرم با نەیبات و گوێی بە هەدەپە نەدا، بەڵام ئێستا بای دەسەڵات كڵاوی ئۆپۆزسیۆنیشی برد.
پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەرهاتو ئیمامئۆغڵو دەستگیر كرا، گەلی توركیا سندوقی دەنگدان بۆ ئاكەپە و ئەردۆغان دەكەن بە تابووت؟
بەڵام ئەردۆغان، لە وتارێكدا لە مێردینی باكووری كوردستان، دەڵێت دادگای توركیا بێلایەنە و ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت ئەو بڕیارەی دادگای رەتبكاتەوە و سووكایەتی بە دادگای توركیا بكات. باسی لەوەش كرد، ئەوانیش تێبینییان لەسەر دادگا هەبووە، بەڵام كاتێك بڕیارێك لە دژی ئەوان دەرچووە، ملكەچی یاسا بوونە.