بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووان لە سلێمانی، ئاماژە بەوە دەكات كە ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان ڕوودەكەنە خانەی بەساڵاچوان، ئەو دەڵێت” بەراورد بەساڵی پار ڕێژەی داواكاری زۆر زیادی كردوە”.
بەناز كەریم، بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووان لە سلێمانی، ئاماژە بەوە دەكات ئێستە ژمارەی سوودمەندان لە خانەی بەساڵاچوان بەرزبووەتەوە بۆ پەنجا و یەك هاووڵاتی و ڕۆژانە دو تا سێ كەس سەردانیان دەكەن تا لە خانە بمێنەوە، بەڵام ئەوان مەرجیان هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو هاووڵاتیانە كە زۆربەیان لەماڵەوە بێزار بوونە و لەگەڵ خێزانەكانیاندا دەنگیان دەرهاتووە؛ بەناز کەریم گوتی: مەرجی سوودمەندان لە خانەی بەساڵاچووان بریتییە لەوەی كە دەبێت پیاوان تەمەنیان لەشت ساڵ كەمتر نەبێت و ژنانیش پەنجا و پێنج ساڵ بێت و پێویستی بە چاودێری كۆمەڵایەتی بێت، مەرجیشە نەخۆشی گوازراوەیان نەبێت و دانیشتوی هەرێم بن.
گوتیشی: بە پێی پەیڕەوی ژمارە 2ی ماڵی بەساڵاچووان چەند هۆیەکی دیكە هەن بۆ وەرگرتی بەساڵاچووان، كە دەبێت ڕەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری كۆمەڵایەتی وەربگرێت، ئەوانیش مەرجی خۆیان هەیە و دواتر لە لایەن توێژەرەكانمانەوە بۆ ماوەیەكی كاتی چاودێری دەكرێن تا بزانن تا چەند دەتوانن لە خانەدا بمێنەوە و پابەندی ڕێنماییەكان دەبن”.
بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووان ئاماژەی بەوە كرد زۆرترین سوودمەند لەخانەی بەساڵاچووان پیاوانن، ئەو گوتی: لەكۆی 51 سوودمەند تەنها 19 یان ژنن، لە هەردوو ڕەگەز 29 یان پەككەوتەن.
گوتیشی: ئەوانەی لەلایەن كەسوكاریانەوە دێنە خانەی بەساڵاچووان گرێبستیان لێ وەردەگیرێت مانگانە دو بۆ سێ جار سەردانی سوودمەند بكەن، لەحاڵەتی نەخۆشی و كێشەدا سەردانی خانە بكەن، مەبەست دانەبڕانە لەخێزانەكانیان و دەتوانن مانگانە مۆڵەت وەربگرن سەردانی كەسوكارەكانیان بكەن”.
ئەو باسی ئەوەشی كرد کە ڕۆژانە ژمارەیەك لەسوودمەندانی خانەی بەساڵاچووان لەخانە دەچنە دەرەوە و دواتر ڕێگە ناهێنەوە خانە، هەرچەندە چەندین جار ئاگادار كراونەتەوە نەچنە دەرەوە لە خانە، بەڵام ئەوان گوێ نادەنە ڕێنمایەكان، ئەو گوتی: سوودمەندمان هەیە چەندین شەو ڕۆژ ون بووە، دواتر لەڕێگەی ئاگادار كردنەوەی هێزەكانی پۆلیسەوە گەڕێنراوەتەوە خانە”.
دەربارەی چودێریی تەندروستی و ژیانی بەساڵاچووانیش گوتی: دابینكردنی خواردنی ڕۆژانەیان لەڕێگەی كۆمپانیاوەیە کە بە هاوكاری و ڕێنمایی تەندروستی، ژەمە خواردنەكانیان بۆ ئامادە دەكرێت و چاودێری تەندروستی دەكرێن و پێداویستی ژیانیان بۆ دابین دەكرێت، بە جۆرێک كەم ماڵ هەیە بتوانێت بەو شێوەیە خزمەتی بە ساڵاچووی خێزانەکەیان بکەن”.
بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووان ئاماژەی بەوە كرد لەكاتی حاڵەتی گیان مردنی سوودمەندان لەخانەی بەساڵاچوواندا، ئەوان نزیكترین بنكەی پۆلیس ئاگادار دەكەنەوە و دواتر كەسوكارەكەی دێن و تەرمەكەی دەبەنەوە و ڕێكارە كۆمەڵایەتی و ئاینیەكانی بۆ دەکەن. ئەو گوتی: هەیانە كەسوكاری نییە یان گرنگی پێنادەن ئەوە تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەری دەكرێت و دواتر لەلایەن شارەوانییەوە تەرمەكەی دەشاردرێتەوە، لەم ساڵ و پاردا چەندین حاڵەتی وا هەبوون.
گوتیشی: بەشی سوودمەندان دەكرێن بە دوو بەشەوە، بەشی پەككەوتە و بەشی ئاسایی، بەشی ئاسایی ژمارەیان بیست و دوو كەسە و ئەو كەسانەن كە دەتوانن خۆیان خزمەتی خۆیان بكەن، بەڵام بەشی پەككەوتە بەپێچەوانەوە ناتوانن خزمەتی خۆیان بكەن، ژمارەیان لە بیست و نۆ كەسە، نۆ کەسیان ژن و بیست کەسیان پیاون.
سەبارەت بەكەمیی كارمەندەكانیان لەخانەی بەساڵاچووان بەناز کەریم گوتی: كارەكانی ئێمە كاری كاغەز و قەڵەم نییە بەوهۆیەوە كەم بین یان زۆر، هەر دەبێت ئامادە بین. ئەگەر كارمەندی زیاترمان هەبوایە، دەكرا باشتر كارەكانمان ڕایی بكرایە، كاری ئێمە خزمەت كردنی بەساڵاچووانە دەبێت بەردەوام چاودیرییان بكەین ناكرێت بەجێیان بهێڵین”.
گوتیشی: ئەوە كارێكی مرۆییە زۆربەی كارەكانمان بەهاوكاریی خێرخوازان بەڕێوە دەبەین گەر ئەوان نەبن، دەبێت بەشەكەمان كێشەی بۆ دروست دەبێت لە ڕووی پێداویستەوە، پێویستمان بە هاوكاریی زیاتری حكومەتە بۆ جێبەجێ كردنی كارەكانمان.