ڕائیب جادر – هەولێر
ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ بەستنی پێوەری ئاو، ھەر کەسێک ئەو پیوەرە نەبەستێت، مانگانە ٨٠ ھەزار دینار کرێی ئاوی بۆ دێتەوە. ئاری ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ھەولێر دەڵێت: ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان سوودمەندبوون لە داشکاندنەکە، بۆیە داوامان کردووە وادەی دانانی پێوەری ئاو درێژ بکرێتەوە. دەشڵێ: ھەر کەسێک پێوەر ببەستێت ٧٦% داشکاندنی بۆ دەکرێت.
- تا ئێستە سەدا چەند هاوبەشانی ئاو پێوەریان بەستووە؟
- بابەتی بەستنی پێوەری ئاو لە ساڵی ٢٠١٥ دەستی پێکرد، سەرەتا بەشێوەی پڕۆژە بوو ژمارەی هاوبەشانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ٥٤ ھەزار هاوبەشە، لەو رێژەیە سەرووی ٨٠%ی هاووڵاتییان پێوەری ئاویان بەستووە، ھەر هاووڵاتییەک پێوەری نەبەستبێت بڕێکی پارە قەرزدارە، کاتێک پێوەر دەبەستێت، ٧٦% داشکاندنی بۆ دەکرێت، ھەر هاووڵاتیەکیش پێوەری بەستبێت تا رادەیەکی زۆر پابەند بووە و ھەموو مانگێک پارەکەی خۆی داوە.
- کەی وادەی لێخۆشبوونی حکوومەت بۆ ئەو ماڵانەی پێوەری ئاویان نەبەستووە کۆتایی دێت؟
- ئەمڕۆ وادەی لێخۆشبوونی حکوومەت بۆ ئەو ماڵانەی پێوەری ئاویان نەبەستووە کۆتایی دێت، بەڵام ئەگەر بزانرێت بەشێکی زۆری هاووڵاتییان سوودمەند نەبوونە لە دانانی پێوەر، یان داواکاری ھەیە، رەنگە ئەو وادەیە درێژ بکرێتەوە، ھەر بۆ ئەم مەبەستە راپۆرتێکمان ئامادە کردووە و ئاراستەی سەرووی خۆمان کردووە و پێشنیازمان کردووە وادەکە بۆ ماوەیەک درێژ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان زیاتر سوودمەند بن لە بڕیارەکەی حکوومەت و پابەند بن بە بەستنی پێوەری ئاو.
- بڕیارەکەی حکوومەت کاریگەری ھەبوو؟
- بە تەئکید شەش مانگ پێش ئێستا ٧٢% هاووڵاتییانی ھەرێم پێوەری ئاویان بەستبوو، بەڵام ئێستا رێژەکە بۆ سەرووی ٨٠% بەرز بووتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت لەو ماوەیەدا خەڵکێکی زۆر سوودمەند بووە، ئێستە قەرەبالغیەکی زۆر لەبەردەم فەرمانگەکانی ئاو ھەیە، ئاسانکاریەکی زۆرمان بۆ هاووڵاتییان کردووە، فەرمانبەرانی ئێمە زیاتر لە فەرمانگەکان دەمێنەوە، بۆ ئەوەی زۆرترین هاووڵاتی مامەڵەکانیان ڕای بکرێت و لەو ئۆڤەرەی حکوومەت سوودمەند بن.
- دوای ٢١ی مانگ ھەر کەسێک پێوەری ئاوی نەبەستبێت، سزاکەی چەند دەبێت؟
- دوای ئەو وادەیە کرێی ئاو بەبێ پێوەر، بۆ شوێنەکانی نیشتەجێ بوون ٨٠ ھەزار دینار دەبێت.
- بۆچی هاووڵاتییان بەردەوام گلەییان لە نرخ و کواڵێتی پێوەری ئاو ھەیە؟
- ھەر کێشەیەک ھەبێت چارەسەر کراوە، ئێستە کواڵێتی پێوەر زۆر باشە، ئەوەی دیکە بازاڕ ئازادە، ئێستە داواکاری هاووڵاتییان زیاتر بووە، ئەگەرنا پێشتر منافسە ھەبوو لەسەر کەمکردنەوەی نرخ، پێشتر ٣ جۆر پێوەر ھەبوو، ئێستا بوونەتە پێنج پێوەر لە داهاتوودا دەبنە ٦، ھەموویەک پێوەرە بەس ناوەکانیان جیاوازە، نرخەکانیش لە ٣٥ ھەزارەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە ٤٥ ھەزار دینار، هاووڵاتی ھەر جۆرێک لەو پێوەرانە ببەستێت کێشە نییە”.
- تا چەند کێشەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان چارەسەر کراون؟
- سێکتەری ئاو وەکو ھەر سێکتەرێکی دیکە لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٩ وەستانی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش بە حوکمی ئەوەی شەڕی داعش ھەبوو، قەیرانی دارایی و کۆڕۆنا رووی لە ھەرێمی کوردستان کردبوو، بەڵام لەم دوو ساڵەی دوایی کاری زۆر باش کراوە، بە دەیان ملیار دینار بۆ سێکتەری ئاو دابین کراوە، بەوەش بە دەیان پڕۆژەی ستراتیژی کەڕاگیرا بوون کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ھەتا بەشێک لەو پڕۆژانە تەواو بوونە، بە سەدان پڕۆژەی بچووک تەواو کراون، بە دەیان سەرچاوەی ئاو لە شار و شارۆچکەکان زیاد کراون، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت خەڵکێکی زۆر سوودمەند بووە لە پڕۆژەکانی حکوومەت لە بواری ئاو.
- بۆ گوندەکان چی کراوە؟
- بۆ گوندەکان کاری زۆر باش کراوە، دوو ھەزار و حەوت سەد گوندی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی ئاوی بۆ چووە و وەکو شارەکان ئەوەی پێویست بووە بۆ کراوە.
- ئەو بیرانەی لەلایەن پارێزگاری ھەولێرەوە بڕیاری لێدرا بوو، چیان بەسەر هات؟
- ١٣٨بیر لە ھەولێر و دەوروبەری بە گوژمەی ٧.٦ ملیار دینار رەزامەندی لەسەر درابوو، تا ئێستا ١٠٣ بیر کۆتاییان هاتووە، لە مەرحەلەی دووەم کە دەستی پێکراوە و چەند بیرێکی دیکە لێدەدرێن”.