هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پاسەوانی سنوور هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە

کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی تەواوی ئەو سێ هەزار کەسەی لە ریزەکانی هێزی پاسەوانی سنووردا دادەمەزرێن، کوردن، دووپاتیکردوە ” هیچ کەسێک پارە بە پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن نەدات”.

گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور، ئاشکرایکرد، لە چەند رۆژی داهاتوو، لینکی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دامەزراندن لە ریزەکانی هێزی پاسەوانی سنوور کارا دەکرێت و تەواوی مەرجەکان تێیدا ئاماژەی پێدەکرێت.  

سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەندێ لینکی دامەزراندن، کاروان خۆشناو گوتی: ئەو لینکانە هیچ کامیان راست نین، هەر کاتێک لینکەکە کارا کرا، لە رێگەی پەیجەکانی خۆمانەوە لە سۆشیال میدیا، خەڵکی لێ ئاگادار دەکەینەوە.

به‌رپرسانی سه‌ربازیی عێراقی رایده‌گه‌یه‌نن، هێزه‌كانی پاراستنی سنوور ده‌ستیان به‌جێبه‌جێكردنی پلانێك كردووه‌ كه‌ تێیدا زیاتر له‌ 200 خاڵی سه‌ربازی نوێ له‌ سنووری ئێران و توركیا داده‌نێن و ده‌ست به‌ دامه‌زراندنی سێ هه‌زار ئه‌ندامی نوێ بۆ هێزه‌كانی پاراستنی سنوور كراوه‌.

لیوا محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پاراستنی سنووری عێراقی رایده‌گه‌یه‌نێت، پاڵپشتییه‌كی گه‌وره‌ بۆ دابینكردنی كه‌ره‌سته‌ و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ هێزه‌كانی پاراستنی سنوور له‌ ناوچه‌ی یه‌ك له‌ ئارادایه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كامێرای چاودێری كوالێتی به‌رز و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیش ده‌گرێته‌وه‌.

ئەو فەرماندەیە گوتیشی: هاوکات ده‌ست به‌ دروستكردنی 200 خاڵی چاودێری سه‌ربازی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌درێژایی سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران ده‌كرێت و به‌رپرسیارێتی له‌ژێر ناوچه‌ی یه‌كی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووردا ده‌بێت.

لیوا محه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، ده‌ستكراوه‌ به‌ دامه‌زراندنی سێ هه‌زار ئه‌ندامی نوێ بۆ هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور و له رێگه‌ی فۆڕمێكی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ پڕ ده‌كرێته‌وه‌ و پشكی شێریش له‌و دامه‌زراندنه‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌ لیوا ته‌حسین خه‌فاچی، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی سوپای عێراق ئاشكرای ده‌كات، ژماره‌یه‌ك سه‌رباز داوایانكردووه‌ بۆ ناوچه‌ی یه‌كی پاسه‌وانی سنوور له ‌سنووری كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران بگوازرێنه‌وه‌، وه‌زیری ناوخۆش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ داوه‌. ئەو راشیگەیاند، چه‌ندین پرسی دیكه‌ی وه‌ك هاوكاری لۆجستی و پێداویستی ئیداری بۆ فه‌رمانده‌ی ناوچه‌ی یه‌كی پاسه‌وانی سنوور پێشكه‌شكراون بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدرێت.

ته‌حسین خه‌فاچی راشیگه‌یاندووه‌، هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووری عێراقی له‌ 50 هه‌زار سه‌رباز پێكهاتووه‌و زیاتر له‌ 9 هه‌زاریان له‌ هه‌رێمی كوردستانن، به‌درێژایی زاخۆ تاوه‌كو خانه‌قین جێگیرکراون.