دوای ڕووداوەکانی پەیوەست بە غاز و سۆپای غاز، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک ڕێنمایی بۆ هاووڵاتییان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی لەکاتی روودانی رووداوی هاوشێوە و نەخوازراو، جێبەجێی بکەن تاوەکو پارێزراو بن و لە مەترسییەکان بەدوور بن.
بۆ ئەوەی لە ڕووداوی نەخوازراوی پەیوەست بە غاز پارێزراو بیت، ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە:
– هەرکاتێک بۆنی غاز هات، نابێت دەستکاری سویچی کارەبا بکەیت یان ئاگر دابگیرسێنیت.
– دەبێت پەنجەرە و دەرگاکان بەتەواوی بکەیتەوە.
– ئەو شوێنەی بۆنی غازی لێدێت، دەبێت بەخێرایی چۆڵ بکرێت.
بۆ ئەوەی لە ڕووداوی نەخوازراوی پەیوەست بە سۆپای غاز پارێزراو بیت، ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە:
– بووتڵی غاز لە چێشتخانە دامەنێ و نابێت بووتڵی غازیش لەنزیک سۆپا هەڵبگیرێت.
– دەبێت بووتڵی غاز لە شوێنێک بێت، کە هەواگۆڕکێی هەبێت و دووربێت لە تیشکی خۆر و ماددەی سووتێنەر.
– پێویستە دڵنیابیت لەوەی، كە سۆندەی غاز کوالێتیی باشە و هیچ کێشەیەکی نییە.
– هەمیشە لەبیرت بێت پێش نووستن یان جێهێشتنی ماڵ، غاز لە سەرچاوەکەیەوە بگریتەوە.
بۆ ئەوەی لە ڕووداوی نەخوازراوی پەیوەست بە لێچوونی غازی شل پارێزراو بیت، ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە:
– لەکاتی لێچوونی غاز لە ماڵ، بەلایەنی کەم 100 مەتر لەو جێگایە دوور بکەوە.
– لەکاتی لێچوونی غاز لە هۆتێل، چێشتخانە و شوێنەکانی تر، 800 مەتر دوور بکەوە.
– لەکاتی بوونی ئاگر لە تانکی غازی بەنزینخانەکان، کیلۆمەترێک و 50 مەتر لەو شوێنە دوور بکەوە.
لەکاتی بوونی ڕووداوی نەخوازراوی غاز، ڕێنماییەکان جێبەجی بکە و پەیوەندیی بە ژمارەی هێڵی گەرمی 115 بکە.