بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی، دوایین زانیاری لەبارەی دابەشكردنی بەشە ئاردی بایەعی دەخاتە ڕوو و بەرپرسێكی چاودێرییش لەبارەی ئەو گەنمەی دەكرێتە ئارد، روونكردنەوە دەدات.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرچاوەیەکی ڕاگەیاند: “ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان، تەنیا پێنج بەشە ئارد دابەش دەكرێت، لەكاتێكدا لە بەشەكانی دیكەی عێراق حەوت بەش دابەش كراوە، لەسەرەتای ساڵی نوێ لە هەموو عێراق لە یەك كاتدا دەست بە دابەشكردنی بەشە ئاردی نوێ دەكرێت.”
سەبارەت بەوەی ئەمساڵ بەشە ئاردی كەمتر دابەش كراوە، نەوزاد شێخ کامیل، گوتی: ” ئەو بابەتە پەیوەندیی بە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە هەیە، چونكە ئەوان گەنم بۆ ئاشەكان دابین دەكەن و ئەمساڵ بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەشە ئاردی كەمتر لە هەرێمی كوردستان دابەش كراوە.”
ساڵانە ئەگەر 10 مانگ ئارد دابەش بكرێت، بەگشتی هەرێمی كوردستان بۆ بەشەخۆراكی مانگانە، پێویستی بە نزیكەی 650 هەزار تەن ئارد دەبێ.
لای خۆیەوە موزەفەر سابیر، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: “لە تەواوی پارێزگای هەولێر 13 ئاشمان هەیە، كە گەنم دەهاڕن و دەیكەن بەو ئاردەی، كە دەبێت ستاندار و زۆر شیاو بێت بۆ كردنە نان، ئاشەكان هەر هەموویان لەبنەڕەتەوە سەر بە بەغدان و ئەو گەنمەی بۆشیان دێت، هەر لە بەغداوە بۆیان دێت و پارەی گەنمەكەش كە دەكرێت بە ئارد، هەر بەغدا بە ئاشەكانی دەدات، بەڵام ئەوەی لەسەر ئێمەیە چاودێریكردنیانە.”
زیاتر گوتیشی: “ئەو ئاردەی لەو ئاشانە بەرهەم دێت، دەبێت بەپێز بێت و لەبەرچاوی لێژنە و چاودێرانی ئێمە دەكرێت بە نان، ئینجا ئێمە ڕێگا دەدەین ئارد لە ئاشەكان دابەش بكرێن.”
بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی بازرگانی، هەر هاووڵاتییەك بڕی نۆ كیلۆ ئاردی بەر دەكەوێ.
ئەو دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات و دەڵێت: ”دڵنیایی بە خەڵكی خۆمان دەدەین، كە ئەو گەنمەی دەكرێت بە ئارد و لەپاشان دابەش دەكرێت، لە ڕێگای پسوولەی خۆراكەوە، جگە لە گەنم، هیچ شتێكی دیكەی وەكوو گەنمەشامی بۆ نموونە لەگەڵ تێكەڵ ناكرێت و 100% باشترین جۆری گەنمە، كە زۆر شیاوە بۆ نانكردن.”
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا: “ئێمە تیممان هەیە بەسەر بریكارەكانی ئارددا دەگەڕێن و جەخت لەوە دەكەنەوە، كە دەبێت ئەو سەبەتەی بەپێی ئەو جۆر و مواسەفاتەی دانراوە، بەسەر هاووڵاتییان دابەش بكرێت.”