پۆند، گرنگییەکی زۆری بۆ پاراستنی ئاو و دواتر بەکارهێنانی بۆ ئاودێریی کشتوکاڵ هەیە، ئەمە بەدەر لەوەى کە هۆیەکە بۆ گەشەسەندنی كەرتی گەشتیارى، جوانى جوگرافی، پاراستنى هاووڵاتیان لە لافاو و زیادکردنى ئاوى ژێر زەوی.
تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان ١١٨ پۆند لەسەر ڕووبەری ٤٧٩ هەزار و ٣٦٤ دۆنم دروست کراون، کە توانای گلدانەوەى ٢٢ ملیۆن و ٦١٣هەزار و ٢١٥ مەتر سێجا ئاویان هەیە و تێچوونی دروستکردنیان گەیشتووەتە ٢٨ ملیار و ٧٨٨ ملیۆن و ٣٧٦ هەزار و ٢٧٨ دینار.
بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو، پێشنیاری دروستکردنی چەندین پۆندی دیکەش خراوەتە ڕوو، کە ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى لەسەر دروستکردنى زۆرێکیان دەرکردووە د.کاروان سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانى ئاو لە هەرێمى کوردستان، دەڵێت: ئێمە پێشتر ١١٨ پۆندمان لە ٣٠ ساڵەى تەمەنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دروست کردووە، بەڵام ئێستا و لەم کابینەیەدا ڕەزامەندى لەسەر دروستکردنى ٤١ پۆند دراوە، کە هەندێکیان جێبەجێ کراون و هەندێکى دیکەیشیان بڕیارە بەمزووانە دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت.
دەشڵیت؛ وەک هەنگاوى یەکەم ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندى دا لەسەر دروستکردنى ٢٣ پۆند بە ١٣ ملیار دینار لە سەراسەرى هەرێمى کوردستاندا، کە زۆربەیان لە پرۆسەى جێبەجێکردندان و هەندێکیشیان دراونەتە کۆمپانیا و لەبەر وەرزی دەستیان پێ نەکراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەنجوومەنى وەزیران ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنى ١٤ پۆند لە دەوروبەرى هەولێر داوە تا بە دوور بێت لە لافاو و هەروەها ئاوى ژێر زەویى و سەرچاوە ئاوییەکانى ئەم شارە پاراویش بکرێنەوە. ئێستە ئەنجوومەنەى وەزیران ڕەزامەندى داوە لەسەر دروستکردنی ٤ پۆندى دیکە بۆ پارێزگاى هەولێر، بەڵام هێشتا پارە و تێچووەکەى نەخەمڵێنراوە و ئەگەرى هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوانیش کارە فەرمییەکانیان تەواو ببێ و دەست بە دروستکردنیان بکرێت.
نوێترین پۆندەکانی هەرێمی کوردستان کە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کۆتاییەکانی ئەیلوولی ڕابردوو، بەردی بناغەیانی دانا، هەر سێ پۆندی سەرقزڵ و سەید حوسێن و گۆبان بە گوژمەی دوو ملیار و ١٩١ ملیۆن دینار، لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان جێبەجێ دەکرێن.
ئەو پۆندانەی پێشنیاری دروستکرانیان دراوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو، پێشنیاری دروستکردنی ٢٣ پۆندی دیکەشی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان خستووەتە ڕوو، کە بڕیارە لەسەر رووبەری ٢ هەزار و ١٣٨ دۆنم دروست بکرێن، كە توانای هەڵگرتنی ٤ ملیۆن و ٤٩٢ هەزار و ٧٣٤ مەتر سێجا ئاویان دەبێت و هەروەها هەزار و ٣٨٩ جووتیاریش سوودمەند دەبن، كە تێچوونی دروستکردنیشیان دەگاتە ١٤ ملیار و ١٦٧ ملیۆن و ٥٧٠ هەزار و ٤٠٠ دینار و بەم شێوەیە لەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراون:
پارێزگای هەولێر: ٩ پۆند
ـ گوژمەی پڕۆژە بە بەڵێندەرایەتی: ٤ ملیار و ٩٧٨ ملیۆن و ١٧٩ هەزار و ٤٠٠ دینار
ـ گوژمەی پڕۆژە بە ڕاستەوخۆ: ٣ ملیار و ٩٨٢ ملیۆن و ٥٤٧ هەزار و ٩٤٠ دینار
ـ ئاوی گلدراوە: ٨٣٢ هەزار و ٢٠٨ مەتری سێجا
ـ ڕووبەری بەراو: ٢٠٨ دۆنم
ـ بەرزی پۆندەکان: ٧ بۆ ١٤ مەتر
ـ درێژایی پۆندەکان: ٩٥ تا ١١٠ مەتر
ـ ژمارەی جووتیاری سوودمەند: ٧٧٥ جووتیار
پارێزگای دهۆک: ٨ پۆند
ـ گوژمەی پڕۆژە بە بەڵێندەرایەتی: ٤ ملیار و ١٤٨ ملیۆن و ٣٩١ هەزار دینار
ـ گوژمەی پڕۆژە بە ڕاستەوخۆ: ٣ ملیار و ٣٤٧ ملیۆن و ٥١٢ هەزار دینار
ئاوی گلدراوە: ٢ ملیۆن و ٦٧٠ هەزار و ٢٨٩ مەتری سێجا
ـ ڕووبەری بەراو: هەزار و ٤٤٣ دۆنم
ـ بەرزی پۆندەکان: ١٣،٥ بۆ ١٩ مەتر
ـ درێژایی پۆندەکان: ٩٦ بۆ ١٧٢ مەتر
ـ ژمارەی جووتیاری سوودمەند: ٤٧٠ جووتیار
هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی ڕاپەرین و گەرمیان: ٦ پۆند
ـ گوژمەی پرۆژە بە بەڵێندەرایەتی: 5 ملیار و 5 ملیۆن دینار
ـ گوژمەی پرۆژە بە ڕاستەوخۆ: 4 ملیار و 3 ملیۆن دینار
ـ ئاوی گلدراوە: ٩٩٠ هەزار و ٢٣٧ مەتری سێجا
ـ ڕووبەری بەراو: ٤٨٧ دۆنم
ـ بەرزی پۆندەکان: ١١ بۆ ١٦ مەتر
ـ درێژایی پۆندەکان: ١٠٠ بۆ ١٦٠ مەتر
ـ ژمارەی جووتیاری سوودمەند: ١٤٤ جووتیار
د. کاروان سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانى ئاو لە هەرێمى کوردستان، بەدەر لە سوودەکانى دروستکردنى ئەم پۆندانە بۆ ئاوى ژێر زەویى و کشتوکاڵ و جووتیاران و گەشتیارى، باسێکى گرنگى ورووژاندووە، کە ئەویش کەمکردنەوەى تێچووى دروستکردنى ئەو پۆندانە بوو و گوتى: وەک کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هەوڵمان داوە ئاستى تێچووى پۆندەکان کەم بکەینەوە و شەفافانە و وردەکاریانە ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکەین، بۆیە دەبینین لەم ساڵدا لە دروستکردنى پۆندەکانى ئەم کابینەیە، خەرجییەکانیان لە چاو دروستکردنى پۆندەکانى ساڵى ڕابردوو، ٥٥% کەم کراوەتەوە، واتە جاران کە پۆندێک بە ١.٦ ملیار دۆلار دروست کرابێت، ئێستا بە ٧٠٠ ملیۆن دینار دروست دەکرێت و دەشمانەوێت بە جێبەجێکردنى هەندێک پلان و پڕۆژەى دیکە، ئەم پارەیە بگەیەنینە خاڵى سفر و لە بەرامبەریشدا زۆرترین پۆند دروست بکەین.