سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر:سێ سەد و حەفتا و چوار هەزار ئاوارە و پەنابەر لە سنووری هەولێر هەن

سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر، لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ رۆژنامەی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی هاوکاریەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەران ڕاگرتووە، حکوومەتی عێراقیش یەک دینار هاوکارییان ناکات، ئەوەی هەیە تەنها حکوومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانییە.

  • ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران لە سنووری هەولێر چۆنە؟
  • ئێستە زیاتر لە سێ سەد و حەفتا و چوار هەزار ئاوارە و پەنابەر لە سنووری هەولێر هەن، ٢٠%ـیان لەناو کەمپەکانن، ئەوانی دیکە هەموویان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، ئەوەش کێشەیەکی زۆری بۆ حکوومەتی هەرێم و پارێزگاری هەولێر دروست کردووە، بەتایبەتی لەم وەرزەدا کە پێداویستییەکانیان وەکو پێویست نییە و پێویستییان بە نەوت، جلوبەرگ و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان هەیە.
  • بۆچی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکاریەکانیان ڕاگرتووە؟
  • ماوەیەکە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکاری ئاوارە و پەنابەران ناکەن، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی کە ئەوانە ماوەیەکی زۆرە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و دەبێت ببنە بەشێک لە خەڵکی ئەو ناوچانەی کە لێی نیشتەجێن، ئەوەش بڕیارێکی زۆر نادادپەروەرانەیە و بارگرانییەکی زۆری بۆ حکوومەتی هەرێم دروست کردووە. ئەو ئاوارە و پەنابەرانەش کە لە دەرەوەی کەمپەکانن دۆخی گوزەرانیان باش نییە، ئێستە ڕێکخراوەکان ھیچ هاوکاری ئاوارەکان ناکەن.
  • رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هاوکاری کردنی ئاوارە و پەنابەران چۆن دەبینن؟
  • لە نەمانی هاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، زۆربەی کەلێنەکانی پڕکردۆتەوە، ئەو دەزگا خێرخوازییە هاوکارێکی باشی حکوومەتی هەرێمە و تا ئێستە لەگەڵ ئێمە هاوکارن، زۆر سوپاسی دەزگاکە دەکەین کە هاوبەشی ئێمەن لە ئیدارەدانی کەمپەکان و هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لەڕێگەی هاوبەشەکانی خۆیانەوە هاوکاری ئاوارە و پەنابەران بکەن.
  • بۆچی ئاوارە و پەنابەران ناگەڕێنەوە شوێنەکانیان؟
  • ئێستە بارودۆخەکە گونجاو نییە بۆ گەرانەوەیان، چونکە تا ئێستە لە ناوچەکانی ئەوان گروپە چەکدارەکان هەن، شەڕ و ئالۆزی هەیە، ئەگەر ناوچەکانی ئەوان لەڕووی ئەمنییەوە لەبار بێت بۆ گەڕانەوە و حکوومەتی عێراقیش هاوکار بێت حەز دەکەن بگەڕێنەوە، بەڵام تا ئێستە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، بارودۆخی ئەمنی لەبار نییە، شوێنی مانەوەیان نییە، زۆر ھۆکاری دیکە هەن کە وا دەکات ئاوارە و پەنابەران نەگەڕێنەوە و هەر لە ئاوارەییدا بژین. رێکخراوەکانیش کە هاوکارییەکانیان ڕاگرتووە دەبێت ئەوانیش ئەوەیان لەبەرچاو بێت و هاوکاری ئاوارە و پەنابەرەکان بکەن، تا بارودۆخی ناوچەکانیان ئارام دەبێت.
  • خەرجی ئاوارە و پەنابەران زۆرە؟
  • خەرجی ئاوارە و پەنابەران یەکجار زۆرە، سەدان ملیار دینار خەرجی ئاوارە و پەنابەرانە. لە سنووری هەولێر تەواوی خەرجیی خزمەتگوزارییەکان و پێداویستییەکانی رۆژانە وەکو کارەبا، ئاو، ڕێگەوبان، لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لەڕووی مرۆییەوە، حکوومەتی هەرێم هەردەم دەرگای واڵا بووە، هەر کاتێک خەڵکی لێقەوماو پێویستی بە ئێمە هەبێت، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی یارمەتیمان داوە، هەموو خزمەگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوان بێبەرامبەرە، بۆیە حکوومەتی هەرێم هەرچی لە توانای بووە بۆ ئاوارە و پەنابەرانی کردووە، واتەئەوەی بۆ خەڵکی خۆی دەکات، هەمان شت بۆ ئەوانیش دەکات.
  • بۆچی حکوومەتی عێراق هاوکاری ئاوارەکانی خۆی ناکات؟
  • بەو زستانە ژیانی ئاوارە و پەنابەران زۆر سەخت بووە، حکوومەتی عێراقیش یەک دینار هاوکاری ئاوارە و پەنابەران ناکات، دوای تکا و هەوڵێکی زۆر تەنها پەنجا لیتر نەوت بە ئاوارەکان دراوە، ئەوەش تەنها بەشی دەڕۆژ دەکات، ئەوەش تەنها بۆ ئاوارەکانی ناو کەمپەکانە ھی دەرەوەی کەمپەکان بێبەش بوون لەو بڕە نەوتە، جگە لەوەی هەندێک لە کەمپەکان کۆنن،ڕۆژانە رووداوی نەخوازراو ڕوودەدەن پێویستییان بەوە هەیە نوێ بکرێنەوە، بۆ ئەو مەبەستە چەندین جار نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کردووە، بۆ ئەوەی هاوکاری ئەوان بکرێن و بگوازرێنەوە بۆ کەمپێکی دیکە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ھیچ وەڵامێکیان نەبووە .