سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بانكی ناوه‌ندیی عێراق ژماره‌یه‌ك رێوشوێن بۆ جێگیركردنی نرخی دۆلار ده‌گرێته‌به‌ر.

ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 19ـی كانوونی یه‌كه‌م، بانكی ناوه‌ندیی عێراق له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئاسانكاری له‌ پاره‌داركردنی بازرگانی له‌ كه‌رتی تایبه‌ت له‌ رێگه‌ی بانكه‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، رێگه‌ به‌ بانكه‌كان ده‌درێت، هه‌ر بڕێكی دراوی بیانی بۆ حه‌واڵه‌ی ده‌ره‌كی بكڕن و هه‌روه‌ها ده‌رچه‌ی كڕینی دراوی بیانی له‌ بانكه‌ حكومییه‌كان بۆ هاووڵاتیان بۆ مه‌به‌ستی گه‌شت ده‌كرێته‌وه‌.

بانكی ناوه‌ندیی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، به‌های دۆلاریش بۆ سوودمه‌ندان له‌ 1470 بۆ 1465 كه‌مده‌كرێته‌وه‌.

حكومه‌تی عێراق پابەندبوونی خۆی بۆ پاراستنی سەقامگیری بازاڕ و پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی دووپاتكردووه‌ته‌وه‌ و  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ جه‌خت له‌سه‌ر پاڵپشتیكردنی هەنگاوەکانی بانکی ناوەندیی دەکاته‌وه‌.

پێشتریش نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبووه‌، بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لەئەنجامی گۆڕینی میکانیزمی کارکردنی فرۆشتنی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندیدا کاتییە، هەروەها دڵنیایی دەداتە سەرجەم هاووڵاتییان کە دۆخی دارایی وڵات لە باشترین دۆخی خۆیدایە.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، چه‌ند رۆژێكه‌ به‌های نرخی دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی له‌ بازاڕه‌كانی ناوخۆی عێراق دابه‌زیوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك 100 دۆلاری ئه‌مریكی گه‌یشته‌ 152 هه‌زار دینار، كه‌ كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر نرخی كه‌لووپه‌ل و كاڵاكان له‌ بازه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه‌.