چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لەسلێمانی نرخی خانوو و زەوی لە 10% دادەبەزێت

نرخی خانوو زەوی و موڵك لەشاری سلێمانی نزیكەی لە سەدا 10 دادەبەزێت پسپۆڕێكی ئابووریش هۆیەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ناسەقامگیری سیاسی ‌و ئابووری.

خاوەن نوسینگەكانی خانووبەرە لە سلێمانی، ئاماژە بەدابەزینی نرخی خانوو زەوی دەكەن لەوبارەوە دیار ئەبوبەكر، خاوەنی نووسینگەی ڕوێدیار بۆ كڕین ‌و فرۆشتنی خانوو زەوی لە گەڕەكی كازیوە لەشاری سلێمانی ڕایگەیاند: لەماوەی پێنج بۆ شەش مانگی ڕابردوودا نرخی خانوو زەوی شەش بۆ حەوت هەزار دۆلار دابەزیوە ‌و ئەو ناوچانەشی خزمەتگوزاریان نییە نرخیان زیاتر دابەزیوە.
بەوتەی دیار ئەبوبەكر، ترسێك لەناو هاووڵاتیانی شاری سلێمانیدا دروستبووە كە نایانەوێت پارەكانیان بخەنە بازاڕەوە لەكڕینی موڵكدا خەرجی بكەن، چونكە تائێستا ترسیان لەدۆخی سیاسی ‌و ئابووری سلێمانی هەیە متمانەیان بەلایەنی باڵادەستی سیاسی نییە لەو شارەدا، بۆیە بازاڕ وەستاوە‌ و ئەوەش نرخەكانی دابەزاندوە”.
مەریوان عەبدوڵا، كە پێشتر خاوەنی نووسینگەی سیلۆنا بوە لەگەڕەكی تووی مەلیك لە شاری سلێمانی، ئێستا بەسەرپێیی كاری كڕین ‌و فرۆشتنی خانوو زەوی دەكات گوتی: بەشێوەیەكی گشتی بەهۆی دۆخی سیاسیەوە نرخی خانوو زەوی لە سنووری پارێزگاری سلێمانی بە ڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە”.
مەریوان عەبدڵا وتیشی:” ناسەقامگیری دۆخی سیاسی ‌و گرانیی نرخی شومەك لەبازاڕدا ‌و هەڕەشەكانی وڵاتی ئێران بۆ سەر سنوورەكانی شارەكە و دڵەڕاوكێی خەڵكی، هۆی دابەزینی نرخی خانوو و زەوییە ، هاوڵاتیان نیگەرانن و دەیانەوێت پارەكانیان هەڵبگرن نەیخەنە بازاڕەوە.
پسپۆڕێكی ئابووریش جەخت لەوە دەكاتەوە كە دابەزینی نرخی خانوو زەوی لەشاری سلێمانی پەیوەستە بە ناسەقامگیری ئەمنی ‌و سیاسی ‌و ئابوورییەوە.
كاروان ساڵەح، پسپۆڕی كارگێری ‌و ئابووری گوتی: ئەو دۆخە ئابوورییەی ئێستا لە عێراق ‌و هەرێمی كوردستان ‌و سلێمانیدا هەیە، هۆی دابەزینی نرخی خانوو زەوین ‌و هەر گۆڕانێکیش لە عێراقدا ڕووبدات كاریگەری لەسەر شاری سلێمانیش دەبێت”.
كاروان ساڵح بە ڕۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاند: كاریگەریی دوولایەنی سیاسی هەرێم ‌و دۆخی دەروونیی هاوڵاتیان ‌و وەبەرهێنانی زیاتر ‌و پەسەندنەكردنی بوجە، هۆی سەرەکیی خراپی بازاڕی خانوو زەوییە لەشاری سلێمانی، بەڵام ئەوەی كە زۆر گرنگە دۆخی جێگیری سیاسی لەبەرچاو بگیریت تا دۆخی دەروونی هاوڵاتیان جێگیر بێت دۆخە ئابوورییەكەش جێگیر دەبێت”.