چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لەبارەی 400 ملیارەكە KNN سۆران عومەری بەدرۆ خستەوە

میدیای فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی 400 ملیار دینارەكەوە، تاكە پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی دادگەریی كوردستانی بەدرۆ خستەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 19ی 12ی 2022، سۆران عومەر، تاكە پەرلەمانتاری كۆمەڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نووسینێكی لەبارەی 400 ملیار دینارەكە بڵاو كردۆتەوە كە لەوە دەچێت لەژێر كاریگەریی دۆستایەتی و پەیوەندیی پتەوی نێوان سۆران و پەرلەمانتارە عەرەبە شۆڤێنییەكان نووسرابێت كە تێیدا بانگەشەی ئەوەی كردووە، گوایە ئومێدێكی ئەوتۆ بۆ ناردنی 400 ملیارەكە نییە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی كە دەیانەوێ ڕێگە لە ناردنی 400 ملیارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بگرن. 
لە بەرامبەردا، هەر ئەمڕۆ، ماڵپەڕی KNNی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان، بە ناڕاستەوخۆ، قسەكانی سۆران عومەری بەدرۆ خستەوە و ئاشكرای كرد: ”محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عراق، نووسراوی تایبەت بە رەوانەكردنی 400 ملیار دینارەكەی هەرێمی كوردستانی ئاراستەی وەزیری دارایی عێراق كردووە.“
ئەمە لە كاتێكدایە، بەشێك لەو میدیایانەی سلێمانی كە حەز بەوە دەكەن خەڵكی هەرێمی كوردستان مووچەكانیان دوابكەوێت تاوەكوو باسی بوونی كێشە لە هەرێمی كوردستان بكەن، قسەكانی سۆران عومەریان وەك ئەگەری دروستبوونی كێشە لەبەردەم ناردنی 400 ملیارەكە لێكدابووەوە.
سۆران عومەر، یەكێكە لەو پەرلەمانتارە كوردانەی كە بە دۆستایەتیكردنی شۆڤێنییە نەیارەكانی هەرێمی كوردستان ناسراوە و پێشتریش بە ئاشكرا داوای كردووە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بدرێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە خۆی لە كەیسێكی تاوانی تایبەت بە شوێنبزركردنی ڕۆژنامەنووسێك بە ناوی محەمەد سیاسی ئەشكەنەیی تێوەگلاوە و هەر لەسەر ئەم كەیسەش لە لایەن دادگای هەولێرەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە.