شاندێكی باڵای سەربازی گەیشتە كەركووك

پێش كەمێك، شاندێكی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق گەیشتە شاری كەركووك.

وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە ئەمڕۆ دووشەممە 19ی 12ی 2022، فەریقی یەك عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵا، سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق و فەریق قەیس خەڵەف محەمەدی، جێگری سەرۆكی پرۆسە هاوبەشەكان، گەیشتنە شاری كەركووك، بە مەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنی و ئەو هێرشە تیرۆریستییەی سنووری كەركووك كە ژمارەیەك لە پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق بوونە قوربانی.

دوێنێ یەكشەممە لە ئەنجامی دانانی بۆمبی چێندراو و تەقاندنەوەی بە دوو كاروانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراقدا لە نزیك گوندی سەفەرەی سەر بە ناحیەی ڕیاز، لە سنووری پارێزگای كەركووك 9 پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق كوژران و دووی دیكەش بریندار بوون.

پاشان تیرۆریستانی داعش بەرپرسیارێتیی ئەو كردەوە تیرۆریستییەیان لە ئەستۆ گرت و ئەمڕۆش بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنیی كەركووك و ئەو كردەوە تیرۆریستییە شاندێكی باڵای سەربازی گەیشتە كەركووك.