پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی بکوژی ئەو گەنجەی راگەیاند، کە 17ی ئەم مانگە لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل لە قەزای خەباتی سنووری پارێزگای هەولێر کوژرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد “دوای بەدواداچوونێکی چڕ و ورد و چاودێریکردنێکی زۆر هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر شەوی رابردوو شەو تۆمەتبار (ک. ش. چ.) کە لە رێکەوتی 17/12/2022، لە قەزای خەبات هەڵسابوو بەکوشتنی (رێباز حەیدەر) و زامدار کردنی (فەرهاد ئەحمەد)، خۆی رادەستی هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر کرد”.
لە راگەیەندراوی پۆلیسی هەولێر هاتووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کرایەوە و رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کرا، بۆ ئەوەی ڕێڕەوی یاسایی بەرامبەر تۆمەتباری بکوژ بگیرێتەبەر.