عەبدولحەکیم خەسرۆ: بەھۆی چاکسازییەوە تەنیا لە وەزارەتێک مووچەی ١٣ ھەزار موچەی نایاسایی بردڕاوە

سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون ئاماژەی بە ھەنگاوەکانی چاکسازی لە بواری چەند مووچەییدا کرد و گوتی، بەھۆی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییەوە تەنیا لە وەزارەتی شەھید و ئەنفالکراوان ١٣ ھەزار مووچەی نایاسایی بڕدراون.

عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون ڕایگەیاند: “حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆتاییی بە دۆسیەی ئەو کەسانە ھێناوە کە لە مووچەیەک زیاتر وەردەگرن و مووچەی چوار ھەزار کەس لەوانەی دوو مووچە و سێ مووچەیان وەردەگرت، بڕدراوە، بەو پێیەش پێنج ملیار دینار بۆ گەنجینەی حکوومەت گەڕاوەتەوە لە بڕینی دوو مووچەیی و سێ مووچەیی، کە ساڵانە دەگاتە ٦٠ ملیار دینار.”

عەبدولحەکیم خەسرۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “ھەر لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە وەزارەتی شەھیدان مووچەی زیاتر لە ١٣ ھەزار کەس بڕدراوە، ئەوانەی پێشتر بە شێوەیەکی نایاسایی سوودمەند بوونە لە مووچەی حکوومەت، ھەنگاوەکانیش بەردوام دەبن بۆ بەردەوامیدان بە چاکسازی.”