وەزیری ئەوقاف: کەسانێک دەیانەوێت بەناوی پاراستنی خێزانەوە شیرازەی کۆمەڵگە تێکبدەن

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، کەسانێك دەیانەویت بەناوی پاراستنی خێزان و کۆمەڵگەی کوردییەوە، شیرازەی کۆمەڵگە تێکبدەن و بۆچوونی سیاسی یان ئایدیا تایبەت بە خۆیان بڵاوبکەنەوە.

پشتیوان سادق لە دیداری گوتاری هەینی لە شاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵدان بۆ رێکخستنی گوتاری هەینی سەرەتا قورس بوو، بەڵام ئێستا زۆربەی خەڵک گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی رێکخستنی گوتاری هەینی، خزمەتکردنی ئایینی ئیسلام و ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانە.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتیشی: پێویستە گوتاری ئایینی شیکردنەوەی فەلسەفە و پرەنسیپەکانی ئیسلام بێت و  هەروەها رەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵگە بێت بۆیە هەموو وڵاتانی ئیسلامی بابەتی رێکخستنی گوتاریان بەشێوەیەک رێکخستووە کە لە یەککاتدا خزمەت بە ئایین و خزمەت بە کۆمەڵگە بکات.

سەبارەت بە رێگریکردن لەو کەسانەی کە دوور لە یەکێتی زانایان و ئەوقافەکان بانگەشەی پاراستنی شیرازەی کۆمەڵگە دەکەن، پشتیوان سادق رایگەیاند، دەبێت رێگری لەو کەسانە بکرێت کە دوور لە یەکێتی زانایان و ئەوقافەکان بانگەشەی پاراستنی شیرازەی کۆمەڵگە دەکەن و باسی هەندێک بابەت دەکەن کە مەترسین لەسەر کۆمەڵگە بەڵام ئەوان دەیانەوێت فەلسەفی سیاسی خۆیان یان ئایدیای تایبەتی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن.

بە گوتەی پشتیوان سادق، “پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و قەزایەکان رێگری لەو کەسانە بگرن کە دەیانەوێت بە ناوی ئایین قسە بکەن و کۆنگرەی رۆژنامەوانی سازبکەن بەبیانووی ئەوەی خێزان و کەلتوری کوردی دەپارێزن”.

ناوبراو پێیوایە، “ئەو کەسانە دەیانەوێت لە رێگەی ئایدیاکانی خۆیانەوە شیرازەی کۆمەڵگە بشێوێنن و ئەو جیاوازییەی لەنێو کۆمەڵگەی کوردی هەیە تێکی بدەن.

وەزیری ئەوقاف جەختیشیکردەوە، ئەوان رێگەنادەن بەناوی ئایینی ئیسلامەوە، خەڵکانێک خۆیان بکەنە پارێزەی ئایین بەڵام لە ژێرەوە مەبەستی سیاسی یان ئایدیای تایبەت بەخۆیان بڵاوبکەنەوە.