پێویستە كەماسییه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ین و چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزینه‌وه‌

غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیی کوردستان YNDK، لەسەر بانگهێشتی زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی و دەزگای بنیاد و پێگەیاندنی نیشتمان، بەشداریی سمیناری بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستانی کرد.

لە سمینارەکەدا، غەفوور مەخمووری، بابەتێکی بەناونیشانی (باشووری کوردستان و دەست تێوەردانە دەرەکییەکان) پێشکەش کرد. مەخمووری، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و دەست تێوەردانە دەرەکییەکان، جەختیکردەوە سەر خورتکردنی دیالۆگی نیشتمانی بۆ یەکڕیزی و بۆ چارەکردنی کێشەکانی باشووری کوردستان.
تیشکی خستەسەر ڕەوشی سیاسیی هەموو بەشەکانی کوردستان و هەڕەشە و پیلانی داگیرکەرانی کوردستان و گوتی: كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی به ‌قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بن، به‌تایبه‌ت ئێستە کە تورکیا بە شێوەیەکی ئاشکرا شەڕی دژی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندووە و زۆر دڕندانە موشەکبارانی دەکات . پێویسته‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ پشتگیری و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه سیاسییە‌كانی کوردستان هه‌بێ. گوتیشی كوردستان و ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌م قه‌یران و گرفت و گۆڕانی گه‌وره ‌دان، پێویستە به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ دیالۆگ و لێکگه‌یشتن و قسه‌ و باس له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ بكه‌ین كه ‌په‌یوه‌ندییان به‌چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان و خاكه‌كه‌یەوە هەیە، ده‌بێ ڕاشكاوانه‌ گفتوگۆبكه‌ین و كەماسییه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ین و چارەی گونجاویان بۆ بدۆزینه‌وه‌.
غەفوور مەخمووری، سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ڕوانینی خۆی خستەڕوو و گوتی : هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران، بەردەوام هەڕەشە لە‌ هەرێمی كوردستان دەکەن و هەوڵدەدەن دەستی تێ وەربدەن. جگە لەوەش تا ئێستە مەترسی شەڕی تیرۆریستانی داعش ماوە، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئەوەی کەوا هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵێ تەنگژە و قەیراندایە لە سەرووی هەموویانەوە قەیرانی ئابووری و كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان حكوومه‌تی كوردستان و عێراق و لەهەمان کاتدا قەیرانی سیاسی و ناکۆکیی نێوان بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی دەسەڵات بۆتە هۆی نیگەرانی خەڵکی کوردستان، ئەم کیشە و گرفتانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان پێویستیان بە چارەی خێرا هەیە.
غەفوور مەخمووری لە سمینارەکەیدا داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد کەوا لەیەکدی نزیک ببنەوە و گوتی: بۆ دەربازبوون لەم ڕەوشە نالەبارە و ڕێکخستنەوەی ناوەندی سیاسیی کوردستان و داڕشتنی ستراتیژێکی نەتەوەیی، پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی لەبەرچاو بگرین و سەرەڕای سەختی قۆناخەکە کار بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و یەکڕیزیی نیشتمانی بکەین، لەبەرئەوەی بارودۆخی نێودەوڵەتی و ڕەوشی هەستیاری کوردستان لە هەموو لایەکمان دەخوازێ کەوا له‌ یه‌كتری نزیکبین.
بۆ ڕووبەڕبوونەوەی زیاتری هەڕەشەکان مەخمووری داوای کرد کەوا هەموو لایەک کار بۆ بەهێزکردنی حکومەتی کوردستان بکەن و گوتی: پێویستە حکومەتی کوردستان بکەین بە حکومەتێکی یەکگرتوو و بەهێز کەوا ئیدارەی هەموو کوردستان بکات و خاوەن یەک لەشکری یەکگرتوو بین، بۆ ئەمەش پێویستە بە زووترین کات هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکبخرێتەوە، هەروەها پێویستە هێزەکانی پۆلیس و دەزگاکانی ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەکان یەکب خرێنەوە و لەژێر ڕکێفی حکومەتدا بن نەک حزبەکان.
شایانی باسە دوای پێشکەشکردنی بابەتەکەی مەخمووری دەرگای گفتۆگۆ بۆ ئامادەبووان کرایەوە و ڕوانینی خۆیان سەبارەت بە بابەتەکەی مەخمووری خستە ڕوو.‏‎