کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی: پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە

ڕائیب جادر – هەولێر

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ھەولێر دەڵێت: پارتی بە پەرۆشە بۆ چارەکردنی کێشەکانی ھەرێم و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان، بۆ ئەمەش پارتی بەردەوام دەستپێشخەری ھەبووە. دەشڵێ: پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، کۆبوونەوەکەش لەسەر ئاستی باڵا دەبێت.

  • ئامانج لە سەردانی پارتی بۆ لای لایەنەکان چییە؟
  • مەبەست لە سەردانی پارتی بۆ لای لایەنەکان کارێکی ئاساییە، ڕەوشی کوردستانو ناوچەکە، وا دەخوازێت لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر چاککردنی ڕەوشی ھەرێمی کوردستان زیاتر ھاوھەڵوێست بین، ڕەوشی ناوچەکە دەکوڵێت، ڕووداوی خێرا ڕوو دەدەن، کەشێکی نوێ لەگەڵ حکوومەتی عێراق ھاتۆتە پێشەوە، ئەوەش زیاتر پێویستی بە ھاوکاریی نێوان ھێزەکان ھەیە. ھەندێک لە حیزبەکان گلەیی و گازندەیان ھەیە، ئەوانە ھەموو پێویستییان بەوە ھەیە پێکەوە دابنیشین گوێ لە یەکدی بگرین و بە گفتوگۆ کێشەکان چارە بکەین. لە کۆنگرەی چواردە ، پارتی بڕیاری دا دووبارە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییەکان بکات، پێویستە پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەموو لایەنەکان باشتر بکرێن، چونکە چەند یەک بین خەڵکی کوردستان زیاتر سوودمەند دەبێت، بازاڕ دەبووژێتەوە، ژیانی خەڵک خۆشتر دەبێت، دەستکەوتەکانی کورد زامنتر دەکات لە بەغدا، ئەوانە ھەموو پەیوەندی بە کەشی ناوخۆی کوردستانەوە ھەیە، پارتییش ئەوانە بە گرنگ دەزانێت. دەکرێت بۆچوونەکان جیاواز بن، بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان سەرووی بەرژەوەندییە حزبی و تایبەتییەکانە، دەبێت لێکتێگەیشتن ھەبێت، پارتی زۆرجار دەستپێشخەری ھەبووە، ھەتا سەرۆکی ھەرێم دەستپێشخەری کردووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت پارتی بە پەرۆشە بۆ چارەکردنی کێشەکانی ھەرێم و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان.
  • کەواتە پارتی تا چەند دەستپێشخەر بووە بۆ چارەکردنی کێشەکان؟
  • پارتی سینگی فراوانە، زۆرجار پارتی بەو پێگەی کە ھەیە و لە رێی سندووقەکانی دەنگدان خەڵک دەنگی پێداوە و حیزبی یەکەمە لە ھەرێمی کوردستان، بەم شێوەیە ھەڵسوکەوتی لەگەڵ ھێز و لایەنەکان نەکردووە، بەڵکو لەسەر بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییەکان دامەزراندووە. لە بەشێک لە ئیستحقاقی خۆی خۆشبووە بۆ ھێز و لایەنەکانی دیکە، بەڵام ئەگەر ھێزێکی سیاسی گلەیی ھەبێت لە پارتی، ئەوە زۆر ئاساییە، کەنالی گفتوگۆ ھەیە، پارتییش گلەیی ھەیە، بۆیە پێویست دەکات ناوبەناو پارتی سەردانی لایەنەکان بکات و بە گفتوگۆ کێشەکان چارە بکرێن، پارتییش بۆ ئەو بابەتانە ھەردەم دەرگای کراوەیە، بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ ھەموو ھێز و لایەنەکان دەکات.
  • کەی پارتی و یەکێتی کۆ دەبنەوە؟
  • پارتی لەگەڵ ھەموو ھێز و لایەنەکان کۆدەبێتەوە، پارتی نامەی بۆ یەکێتی ناردووە، پێیان ڕاگەیاندراوە، ھەر کاتێک یەکێتی ئامادەبێت، وەک پارتی سەردانیان دەکەین و ھیچ کێشەیەکمان نییە، بۆیە ھەر کاتێک ئەو حیزبە ئامادە بوو سەردانی دەکەین، کۆبوونەوەکەش لەسەر ئاستی باڵا دەبێت.
ھەواڵی زیاتر