٧٧ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پێشمەرگە و هەڵکردنی ئاڵای کوردستاندا تێپەڕی

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوێنێ شەممە، ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ ڕێک ٧٧ ساڵ بەسەر هەڵکردنی یەکەم ئاڵای کوردستان لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕی و لە هەرێمی کوردستان یادی ئەم ڕۆژە بەرز ڕاگیرا. هاوکات ئەو ڕۆژە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕۆژی پێشمەرگە ناسراوە و ئەو ڕۆژەیە کە بۆ یەکەم جار هێزی پێشمەرگە بەر لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرا.

لە ڕۆژی ٢٦ی سه‌رماوه‌ز کە دەکاتە ١٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥ ی زایینی بۆ یەکەم جار ئاڵای کوردستان لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نزیکەی مانگ و نیوێک بەر لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان هەڵکرا. لەو ڕۆژەدا کە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس کۆ ببوونەوە و له‌ ڕێوڕه‌سمێکی به‌شکۆدا و بە به‌شداریی نوێنه‌رانی کوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان ئاڵای پیرۆزی کوردستان هەڵکرا.
ئەو ڕووداوە لە دواین ساڵی جەنگی دووەمی جیهانیدا بوو، کاتێک لە ژێر کاریگەریی هێزەکانی ڕووسیا و بەریتانیا و داگیرکرانی بەشێک لە خاکی ئێران لە لایەن ئەو دوو وڵاتە، حکوومەتی ئەوکاتەی پاشایەتی ئێران بە تەواوی لاواز ببوو. دوو ڕۆژ بەر لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، خەڵک ئاڵای ڕژێمی پاشایەتی ئێران لە بارەگاکانی حکومەتی ئەوکاتی لە مەهاباد هێنابووە خوارەوە.
زۆرێک لە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەم ڕۆژەدا ڕێز لە خەبات و بەرخودانی پێشمەرگە دەگرن کە بەرگری لە ئاڵاکەی کردووە و بۆ شەکاوە هێشتنەوەی ئەم ئاڵایە قوربانییەکی زۆری داوە و لە درێژەدانی خەباتەکەشی لەسەر پێیە. ئەو ڕۆژە لای ئەوان بە رۆژی پێشمەرگە ناسراوە و دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی کوردستان ئاوێتەی ڕۆژی ئاڵایان کردووە.
جێی باسە ساڵی ٢٠٠٩ پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی بە ڕۆژی ئاڵا دەستنیشان کرد. ساڵانە لەم ڕۆژەدا لە هەرێمی کوردستان و داوودەزگا فەرمییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر یادی ئەم ڕۆژە دەکەنەوە و ئاڵای کوردستان بەرز ڕادەگرن.
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە لە خەڵکی کوردستان، ڕایگەیاند: ئاڵای كوردستان بەهایەكی هاوبەشی خەڵكی كوردستان و هێمای قوربانیدان و ئاشتیخوازی و پێكەوەژیانی كوردستانییانە.
جگە لە بەرپرسان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، نوێنەر و کونسووڵی وڵاتانیش ڕێز لەو ڕۆژە دەگرن و بە پەیامی جیاواز یادی دەکەنەوە. دوێنێ شەممە ئۆلیڤیێ دیکۆتینی، کونسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، وێنەی ڕێوڕەسمێکی سەربازیی لە تویتەری خۆیدا بڵاو کردەوە کە هی سێ ساڵ لەمەوبەرە لە پاریس و لە بەردەم هەردوو ئاڵای کوردستان و فەرەنسادا بەڕێوە چووە.
هاوکات کونسوڵخانەی بەریتانیاش لە هەولێر لە تویتێکدا وێنەیەکی ئاڵای کوردستانی بڵاو کردەوە و بە هەر دوو زمانی کوردی و ئینگلیزی نووسی ”ڕۆژی ئاڵا لە میللەتی کورد پیرۆز بێت.”
دوێنێ شەممە بەشێک لە قوتابیان و مامۆستایان بە لەبەرکردنی جلی کوردی و جلی پێشمەرگە دەوامیان کرد و یادی ئەو ڕۆژەیان زیندوو راگرت.
ئەمساڵ یادکردنەوەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان کەوتە ڕۆژی شەممە و بەشێک لە دامەزراوە کە دەوامیان نەبووە بڕیاریان داوە ئەمڕۆ یەکشەم یادی بکەنەوە.
یەکێک لە ئامانجەکانی یادکردنەوەی ئاڵا لە قوتابخانەکان ئەوەیە بیری قوتابیان بهێنرێتەوە ئەو ئاڵایەی لە سەر قوتابخانەکان و دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەشەکێتەوە، هەر وا لە خۆوە هەڵنەدراوە و بەرهەمی قوربانی و ماندووبوونی دەیان ساڵە و شەهیدبوونی سەدان هەزار کەسە.
جگە لە قوتابخانەکان دامەزراوەکانی تری وەک زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان و دامەزراوەکانی تری حکوومی و تەنانەت دامەزراوە ناحکومییەکانیش، یادی ئەم رۆژەیان بەرز ڕاگرت و لە سەنتەر و ناوەندە جیاجیاکان بە شانۆ و موزیک و پێشانگەی جیاواز پێشوازییان لەم ڕۆژە کرد.
پێویستە بگوترێ هێزی پێشمەرگە بە گرنگترین هیز هەژمار دەکرێت کە ئاڵاهەڵگری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بووە و ناوی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان ئاوێتەی یەکتر بوون. ئاڵای کوردستان بووەتە چقڵی چاوی دوژمنان و بۆیەش ڕێزگرتن لێی و بە شەکاوە هێشتنەوەی ئەو ئاڵایە بە واتای زیندووهێشتنەوەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لێک دەدرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر