په‌نیری خۆماڵی له‌ هه‌موو بابەتێکیدی کڕیاری زۆرتره‌

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

په‌نیری ناو پێست زۆر به‌تام و خۆشە؛ داوکەری زیاترە و خێرا دەفرۆشرێ. په‌نیری خۆماڵی، به‌ تایبه‌تی په‌نیری ناوچه‌ سنوورییه‌كان له‌ هه‌ر به‌رهه‌مێكی دیكه‌ کڕیاری زۆرتره‌، به‌جۆرێك ئه‌و خواسته‌ دوو هێنده‌ی ساڵانی رابردوو زیادی كردووه‌. فرۆشیارێكیش ده‌ڵێ، په‌نیری ناو پێست هه‌م به‌تامه‌، هه‌میش خێرایه‌ له‌ فرۆشتندا.

له‌ ناوچه‌ سنووریه‌كانی ئیداره‌ی سۆران، به‌ هه‌زاران سه‌ر مه‌ڕ، بزن و مانگا هه‌ن، له‌ شیری ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ ماست، په‌نیر، ژاژی، نڤیشك، سه‌رتوێژ و كه‌شك دروست ده‌كرێن، به‌ڵام په‌نیر زیاتر له‌ هه‌ر به‌رهه‌مێكی دیكه‌ فرۆشیاری زۆرتره‌.
فاتیما ئه‌حمه‌د، ئافره‌تێكی ناوچه‌ سنوورییه‌كانه‌، بۆ هه‌ولێر ده‌ڵێ، ساڵانه‌ له‌ شیری ئاژه‌ڵه‌كان جۆره‌ها به‌رهه‌می خۆماڵی دروست ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر ره‌واجی هه‌یه‌ و خه‌ڵك داوای ده‌كه‌ن په‌نیره‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ زیاتر په‌نیر دروست ده‌كه‌ین.
كۆڤان ناوخۆش، فرۆشیارێكی سپیاتی و به‌رهه‌مه‌كانی شیره‌، بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر گوتی: “ئه‌مساڵ سپیاتی و به‌رهه‌مه‌كانی شیر، خواستێكی زۆریان له‌سه‌ره‌، به‌تایبه‌تی په‌نیر.”
كۆڤان، گوتشی: “دووكانه‌كه‌م ده‌یان جۆر په‌نیرم لێ داناوە؛ كیلۆی له‌ ٧هه‌زاره‌وه‌ دست پێ ده‌كات تا ده‌گاته‌ ١٦هه‌زار دینار، به‌ڵام به‌تامترین و خۆشترین په‌نیر كه‌ ره‌واج و هەڕمێنی زیاتر بێت په‌نیری ناو پێسته‌، هه‌م به‌تامه‌، هه‌میش خێرایه‌ له‌ فرۆشتندا، كیلۆشی به‌ ١٦هه‌زار دیناره‌؛ ماستی مه‌ڕیش خواستێكی زۆری له‌سه‌ره‌ و كیلۆی به‌ ٣٥٠٠ دیناره‌؛ هێلكه‌ی خۆماڵییش هه‌یه‌، به‌ڵام كه‌مه‌ و ٣ دەنکی به‌ هه‌زار دیناره‌”.