ئاڵا ناسنامه‌ی میلله‌تێكه‌ و پێویسته‌ شانازی پێوه‌ بكه‌ین

د. ناسح غەفور ڕەمەزان، چاودێری سیاسی ڕایگه‌یاند: پیرۆزبایی له‌ كوردستانیان و به ‌تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانی و هه‌ڤاڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌م. ئه‌م ئاڵایه‌ هێمای به‌رخودان و تێكۆشان و خه‌باتی هه‌ر میلله‌تێكه‌ نیشانه‌ی مانه‌وه ‌و كیانێک و نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، ئێمه‌ش وه‌كو كورد قوربانیمان داوه‌ و خوێنمان ڕشتووه‌، بۆیه‌ هه‌وڵمان داوه‌ ئاڵای خۆمان هه‌بێت و به‌رزی بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌و ئاڵایه‌ له‌ 17ـی 12ـی 1945 لە‌ مه‌هاباد هه‌ڵكرا، دواتر له‌و كۆماره‌ 11 مانگ زیاتر هه‌ڵنه‌كرا زیاتر، به‌ڵام ده‌ستاوده‌ست كرا له‌ قازی محه‌مه‌ده‌وه‌ بۆ بارزانی نه‌مر.

ڕاشیگەیاند: دوای ڕاپه‌رین و دامه‌زراندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 1999 له‌ په‌رله‌مان ئه‌و بڕیاره‌ درا كه‌ ئاڵای هه‌رێمی كوردستان پێك بێت له‌ ڕه‌نگی سوور و سپی و سه‌وز و بوونی خۆرێک له‌ ناوه‌ڕاستی ئاڵاكه‌، کە هه‌ر ڕه‌نگێک هێمایه‌كه‌ بۆ ده‌ربڕینی خه‌باتی گه‌لی كوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئه‌و ئاڵایه‌ بڕیاری له‌سه‌ر درا، هه‌موومان هه‌ڵساین و سروودی ئه‌ی ئه‌رقیبمان ئه‌گوته‌وه‌ و فرمێسكی خۆشیمان دەڕشت، یه‌كه‌مجاره‌ به ‌بڕیارێک ئه‌و ئاڵایه‌ هه‌ڵكرا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان.

د. ناسح غەفور ڕەمەزان هەروەها گوتی: له‌ ساڵی 2004 دوای نه‌مانی ڕژێم به‌ بڕیاری ژماره‌ 48 بڕیار درا ڕۆژی ئاڵای دیاریكرد، ڕۆژی 17ـی 12ی دیاریكرد ئه‌و پیرۆزییه‌ی شاری مه‌هابادی كرده‌ ڕۆژی هه‌ڵكردنی ئاڵا.

گوتیشی: ئێمه‌ش هیوا دەخوازین کە ئه‌و ئاڵایه‌ی كوردستان له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بشه‌كێته‌وه‌، ئاڵا ناسنامه‌ی میلله‌تێكه‌ و پێویسته‌ شانازی پێوه‌ بكه‌ین، ئاڵای ئێمه‌ كه‌ هه‌ڵده‌كرێت له‌ وڵاتان ڕێزلێنانه‌ له‌و میلله‌ته‌ و تایبه‌تمه‌ندی خۆمان هه‌یه‌.

د. ناسح غەفور ئاماژەی بەوە دا کە به‌داخه‌وه‌ له‌ ناو كوردا هێشتا یه‌كڕیزییه‌مان ده‌سته‌به‌ر نه‌كردووه‌، كه‌س كه‌سی قبوڵ نییه‌، له‌ كاتی میرنشینه‌كانیشدا ئه‌وه‌ هه‌بووه‌ ده‌سه‌ڵاتی میرنشینێک زیاتر بێت له‌سه‌ر میرنشینێكی دیكه‌دا، دوای 1991 په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگ و ڕه‌نگه‌كانی یه‌كخست و دروشمێكی یه‌كگرتوومان هەڵگرت.

لای خۆیه‌وه‌ یوسف سەبری، چاودێری سیاسی سه‌باره‌ت به‌ گرنگیی ڕۆژی ئاڵا دوای پیرۆزباییكردن له‌ ڕۆژی ئاڵای كوردستان ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌  سروشتی مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌ بوونی خۆی بپارێزێت، كه‌ هێمای بوونی خۆیەتی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک، سروشتی مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بوونی ئاڵا زۆر كارێكی ئاسایی و سروشتییه‌، زۆر له‌ هێماكانی وڵاتان و ئیمپراتۆریه‌ته‌كانو میرنشینه‌كان هه‌ر یه‌كه‌ و ئاڵای خۆی هه‌بووه، مه‌رج نیه‌ ته‌نیا ده‌وڵه‌ت ئاڵای هه‌بێت، به‌ڵكو هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵه‌یه‌ك ئاڵای تایبه‌تی خۆی هه‌بێت