لەسایەی خراپ ئیدارەدانی یەكێتییەوە، هەزاران كۆمپانیا لە سلێمانی مایەپووچ بوون

به‌هۆی ململانێی حزبی و پاكتاوكردنی‌ حسابی ناوخۆیی یه‌كێتی و خراپیی ئیداره‌دان و نه‌بوونی دڵنیاییەوە، بازرگان و سه‌رمایه‌دار و وه‌به‌رهێنه‌ران سلێمانی به‌جێ دێڵن و روو ده‌كه‌نه‌ شاره‌كانی دیكەی هەرێمی كوردستان و عێراق. به ‌قسه‌ی سه‌رۆكی لێژنه‌ی پیشه‌سازی و بازرگانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان، هه‌زاران كۆمپانیا له‌و شاره‌ مایەپووچ بوونە و به‌شێكیان چوونه‌ته‌ خواروو و ناوەڕاستی عێراق.

گرفتی ناوخۆیی یه‌كێتی و یەكلاكردنەوەی ململانێ حزبییەكان لەسەر حیسابی خەڵكی سلێمانی و دۆخی شارەكە، نیگه‌رانی لای به‌شێكی زۆری سه‌رمایه‌دار و وه‌به‌رهێنه‌ری شارەكە دروست كردووە، بۆیه‌ بەپێی زانیارییەكان  ژمارەیەكی زۆری سەرمایەدار و وەبەرهێنەر و بازرگان به ‌ناچاری روویان له‌ هه‌ولێر و شارەكانی دیكەی كوردستان و ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق كردووە.

ژمارەیەكی زۆر سه‌رمایه‌دار و كۆمپانیا، له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ فشاریان لێ كراوە تاوەكوو سه‌رانه‌ بدەن، ئەمە جگە لەوەی زۆرینەی هەرەزۆری بەڵێنده‌رانی سلێمانییش بێكار بوو، چونكە ئەو حزبە ئەگەر پرۆژەیەكیش هەبێت، تا وەبەرهێنەر و بەڵێندەرانی سەر بە كۆمپانیاكانی یەكێتی هەبن، پرۆژە بە كەسانی دیكە نادات.

لەمبارەیەوە كه‌ریم عه‌لی، سه‌رۆكی لێژنه‌ی پیشه‌سازی و بازرگانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان، گوتی: “وه‌به‌رهێن به‌دوای كاروكه‌سابه‌تی خۆیدا ده‌ڕوات، له ‌هه‌ر شوێنێك بزانێت قازانجی تێدایه‌ روو لەوێ ده‌كات له‌ ناوچه‌كانی عێراقیش وه‌ك دووز و خانه‌قین و دیاله‌ پرۆژه‌یان تێدایه‌، بۆیه‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی سلێمانی ده‌چنه‌ ئه‌وێ، چونكە له‌ سنووری سلێمانی نزیكه‌ی 800 پرۆژه‌ راگیراون، ئیتر چۆن بەڵێنده‌ر له‌م شاره‌دا ده‌مێنێت؟ ئه‌وه‌یشی پاره‌ی هه‌یه‌ گه‌ره‌نتیی نییه‌ و ئه‌م شەڕ و ململانێی حزبییه‌ و قۆرخكاری وایان كردووه‌ وه‌به‌رهێنه‌ر له‌م شاره‌ بتۆرێت.”

گوتیشی: “پاره بۆ پرۆژه‌‌ نییه‌، له‌ بانكه‌كانی سلێمانی ئه‌مانه‌تی بانكی نادرێته‌وه،‌ ئه‌وه‌ی پاره‌ی داناوه‌ پێی نادرێته‌وه‌، له‌م شاره‌ بازرگان و وه‌بەرهێنه‌ر زه‌ره‌مه‌ند بوون، كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی په‌ره‌پێدانی پارزگاكان هاتوونه‌ته‌وه‌، بەڵام بەڵێنده‌ر ئاماده ‌نین پرۆژه‌كه‌ بكه‌ن، چونكه‌ گەرەنتی نییه‌ و ئێستا نزیكه‌ی 5 بۆ 6 هه‌زار كۆمپانیا له‌ سلێمانی مایه‌پووچ بوون، له‌ مه‌ترسی تێپەڕیوه‌ و له‌ هێڵی سوور دابه‌زیوه‌، له‌ سلێمانی ئێمه‌ له‌ناو قه‌یران داین، ئه‌م سنووره‌ به‌ره‌و وێرانبوون ده‌ڕوات.“

لە لایەن خۆیەوە، میران محه‌مه‌د، گوته‌بێژی یه‌كێتیی بەڵێنده‌رانی كوردستان لقی سلێمانی گوتی: ”لەم دۆخه‌‌دا وه‌ك بەڵێنده‌ران، زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م بووین، ئێمه‌ له‌ 2014وه‌ به‌هۆی وه‌ستانی پرۆژه‌كانه‌وه‌ دەناڵێنین، بۆ رۆیشتنی بەڵێنده‌رانی سلێمانییش، بێ گومان كه‌ تۆ پرۆژەت نەبن و راگیرابن، روو ده‌كه‌یته‌ شاره‌كانی دیكه،‌ زۆر به‌ڵێنده‌رمان هەیە، كه‌ له‌ مووسڵ و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و كه‌ركووك كار ده‌كەن و هۆكارەكەی ئەوەیە ‌كە پرۆژه‌ وه‌ستاوه‌ له‌ شاره‌كه‌.“