بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 2022/12/17 لە سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاوی بەرپرسانی باڵای حكوومی و حزبی و سەربازی و دیپلۆماتكاران و نوێنەرانی وڵاتان و خانەوادە و كەسوكار و هاوسەنگەرانی، ڕێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی شەهید ئاكام عومەر فەرماندەی هێزی كۆماندۆ بەڕێوەچوو كە بەرلە نزیكەی دوو مانگ لە ئەركێكی ئەمنیدا دژ بە تیرۆرستان لە گەرمیان شەهید بوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا دلشاد شهاب ،ڕاوێژكاری باڵای سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وتەی نێچیرڤان بارزانی ،سەرۆكی هەرێمی كوردستانی خوێندەوە، ئەمە دەقەكەیەتی:
خانەوادە و كەسوكار و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی شەهید ئاكام،
ئامادەبووانی بەڕێز،
سڵاوتان لێ بێت،
هەموو لایەكتان بە خێر بێن.
ئەمڕۆ هەموومان پێكەوە لەم ڕێورەسمە خەمگینەدا بەشدارین بۆ ئەوەی ڕێز و پێزانین بۆ خەبات و قوربانیدانی گەنجێكی فەرماندە نیشان بدەین و هاوخەمی و هاوسۆزی لەگەڵ خانەوادە و كەسوكار و هاوسەنگەران و هاوڕێیانیدا دووپات بكەینەوە. ئەم فەرماندە لێهاتووە، لە ئەركی نیشتمانیی پاراستنی كوردستاندا، گیانی بەخشی و شەهید بوو. شەهید ئاكام عومەر فەرماندەی بوێر و چاونەترسی هێزەكانی كۆماندۆ، وەكوو هاوسەنگەران و هاوڕێیانی لێی دەگێڕنەوە، هەمیشە خۆی لە ڕیزەكانی پێشەوەی بەرگری لە كوردستان بووە و قەت نەیهێشتووە پێشمەرگە و ئەندامانی دیكەی هێزەكەی، پێش ئەو بگەنە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوژمن.
ئەو بە گیانێكی نیشتمانیانە و بە ئاكار و ڕەوشتێكی بەرز و بە بڕوای بەتینی بە گەل و وڵاتەكەی، هەمیشە ئامادەی قوربانیدان بووە و دواجاریش هەر وا كەوتەوە و لە ئەركی بەرگری و پاراستنی كوردستاندا دژ بە تیرۆرستان شەهید بوو. دووبارە پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و هاوسەنگەران و هاوڕێیانی دەكەین و هاوبەشی خەم و پەژارەتانین. لە خوای مەزن داواكارین گیانی شەهید ئاكام بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت. هەروەها لێرەدا سڵاو بۆ گیانی پاكی هاوڕێی شەهید، شەهید مولازم زوهێری هاوسەنگەری دەنێرین.
ئامادەبووانی بەڕێز..
مێژووی گەلی كوردستان، مێژوویەكی پڕ سەروەرییە، بە قوربانیدان و خوێنی هەزاران شەهید و فرمێسك و ئازاری هەزاران دایك و باوكی جگەرسووتاوی ئەم وڵاتە تۆمار كراوە. ئازادی و دەسكەوتەكانی ئەمڕۆی گەلی كوردستان، قەوارەی سیاسی و فیدراڵیی هەرێمی كوردستان، بەری ڕەنج و خەبات و قوربانیدانێكی بێ وێنەی هەموو پێكهاتەكانی گەلەكەمانن. ئێمە هەموومان قەرزاری خوێنی شەهیدان و ئازار و قوربانیی خانەوادەكانیانین. لێرەوە بە ڕێز و شكۆوە یادی ئەو قارەمانانە دەكەینەوە كە بە گیانی پاكیان خاك و گەلی كوردستانیان پاراست. باشترین وەفاداری بۆ شەهیدان و كەسوكاری سەربەرزیان، پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی گەلی كوردستانە كە بە خوێنی ئەوان بەدەستهاتوون.
بەڕێزان،
ئەمڕۆ لە كاتێكدا ناوچەكە بەگشتی بە دۆخێكی ئاڵۆز و نائارامیدا تێدەپەڕێت و هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیی جددیدایە، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە یەكڕیزی و تەبایی و قبووڵكردنی یەكتر و پێكەوەكاركردنی نێوان هەموو هێز و لایەن و پێكهاتەكان بەگشتی و تەبایی و یەكڕیزیی پارتی و یەكێتی بەتایبەتی هەیە. مانەوە و سەركەوتن و پاراستنی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان، تەنیا بە تەبایی و یەكڕیزیمان دەكرێت. هێز و ئامادەیی و سەنگ و قورساییمان لە بەغدا و لای هاوپەیمانان و دۆستانمان لە جیهان، بە تەبایی و یەكڕیزیمان دەبێت.
دابڕان و لێكترازان و ناكۆكی و ڕەتكردنەوەی یەكتر، شكستی هەموومان و شكستی هەرێمی كوردستانە. هەرێمی كوردستان و هەموو هێز و لایەن و پێكهاتەكان و پارتی و یەكێتی بەتایبەتی، بە یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەیی سەردەكەون. شكستی هیچمان سەركەوتنی ئەویتر نییە. سەركەوتن و شكستی هەموومان پێكەوەیە. لە یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەییدا، هەموومان و هەموو گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە براوە و سەركەوتوون. لە ناتەبایی و دابڕان و لێكترازان و ناكۆكی و ڕەتكردنەوەی یەكتردا، هەموومان دۆڕاو و شكستخواردووین.
بۆیە ئەمڕۆ لەم ڕێوڕەسمەدا جارێكی دیكە داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەین كێشە و ناكۆكی بەلاوە بنێن و بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن چارەسەریان بكەن. یەكڕیزی و تەبایی بپارێزن. با پاراستنی دەسكەوتەكان و فیدراڵی و كاركردن لەپێناو ئێستا و داهاتوویەكی باشتردا بۆ گەلی كوردستان، هەموومان پێكەوە كۆبكاتەوە.
جارێكی تر سڵاو لە گیانی پاكی شەهید ئاكام عومەر و هەموو شەهیدانی كوردستان. سڵاو لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزە ئەمنییەكانی كوردستان كە بۆ پاراستنی وڵات هەمیشە گیانلەسەردەستن.
هەموو لایەكتان بە خێر بێن و هەر سەركەوتوو بن.
سوپاستان دەكەم.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان