هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی ئێزدییه‌كان ده‌كات


فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی (رۆژوو)ـی ئێزدییه‌كان، په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌. 

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 16ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق، په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی (رۆژوو)ـی ئێزدییه‌كان، به‌ناوی ڤیان سه‌بری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی و ته‌واوی ئه‌ندامانی فراكسیۆن، پیرۆزبایی له‌ خوشك و برایانی ئێزدی له‌ هه‌رێمی كوردستان، عێراق و جیهان ده‌كه‌ین.

فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق دووپاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ئاواره‌ ئێزدییه‌كانیی بۆ ناوچه‌كانیان كرده‌وه‌‌، وێڕای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان و ئاوه‌د‌انكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانییان.

داواشیكرد هه‌وڵی زیاتر بۆ گه‌ڕان و رزگاركردنی رفێندراوانی دیكه‌ی ئێزدی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی بدرێت، كه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعش رفێندراون.

ئێزدییه‌كان هه‌موو ساڵێك جه‌ژنى رۆژوو ده‌كه‌نه‌وه‌، كه ‌ناسراوه‌ به‌ جه‌ژنى(رۆژوو – ئێزى)، تێیدا پێش جه‌ژنه‌كه‌ سێ رۆژ به‌ڕۆژوو ده‌بن، له‌نێویشیدا رێوڕه‌سمى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ڕێوه‌ده‌چێت و پیرۆزبایی له‌یه‌كترده‌كه‌ن و ئاشتبوونه‌وه‌ له‌نێوان دابڕاوه‌كان ده‌كرێت و خواردنى تایبه‌ت ئاماده‌ده‌كرێت، جیا له‌ ‌سه‌ردانكردنى گۆڕستانه‌كان و پاڕانه‌وه‌ له‌پێناو ئاشتى وخۆشه‌ویستى له‌ جیهاندا.