ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەڵێت، هەرکاتێک یەکێتی ئامادەبێت، سەردانیان دەکەن و دەشڵێت، پارتی و یەکێتی جگە لە دانیشتن و گفتوگۆ هیچ رێگەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە.
بڵند ئیسماعیل ئەندامی، کۆمیتەی ناوەندی پارتی لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر یەکێتی نیگەران نییە ئەوانیش زۆر نیگەرانییان لەو حزبە هەیە بەڵام نایانەوێت لە سۆشیاڵ میدیا و راگەیاندنەکانەوە پەیام بنێرێن و خەڵکی هەرێمی کوردستانیشی پێ نیگەران بکەن.
بە بۆچوونی بڵند ئیسماعیل، ” کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گەورەکراون و دەکرێت بە دانیشتێک یان دوو دانیشتن هەمووی چارەسەربکرێن” پێشیوایە زۆر شتی دیکەی گەورە هەیە دەتوانن بەیەکەوە ئیشی لەسەر بکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، “ناکرێت هیچ حزبێکی سیاسی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی یان کشانەوە لە حکومەت یان چوونە باوەشی بەغدا وەک کارتێکی سیاسی بەکاربهێنێت یان خۆی بە خاوەنی سامانی ناوچەیەک بزانێت بۆ ئەوەی هەڕەشەی لایەنێکی دیکەی پێبکات، ئەمانە هێڵی سوورن نابێت هیچ لایەنێک دەستییان بۆ ببات”.
ئەو ئەندامەی کۆمیەتی ناوەندی پارتی گوتیشی، ” بووەتە کولتوور حزبە سیاسییەکان هەموو بابەتەکان دەقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ هەروەها ئەوەش بووەتە کولتوور بەشێک لە لایەنەکان لە حکومەت بەشدارن و پێیەکیشیان لە ئۆپۆزسیۆنە” کە بە بۆچوونی ئەو یاریکردن لەم نێوەندەدا زۆر هەڵەیە.