سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەکەنەوە

ێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/12/14 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ خاتوو ئالينا رۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوا سه‌ردانى نێچيرڤان بارزانى بۆ به‌غدا و ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى وڵات، كارنامه‌ى حكومه‌تى فيدراڵى عێراق، كاركردن بۆ پته‌وكردنى په‌يوه‌‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵى، گفتوگۆ و سه‌ردانە به‌رده‌وامەكانی ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ دروستبوونى تێگه‌يشتنى هاوبه‌ش، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ كارى هاوبه‌شى نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى وڵات به‌گشتى كرده‌وه‌‌ و هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پشتيوانيكردنى سه‌رۆك وه‌زيران و كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى فيدراڵى عێراق‌، دۆخه‌كه‌شيان به‌ ده‌رفه‌تيك زانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق و جێبه‌جێكردنى كارنامه‌ى حكومه‌ت. هه‌روه‌ها گرنگيى جێبه‌جێكردنى ريككه‌وتنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراقيان بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان به‌ پێويست و گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

نێچيرڤان بارزانى دووپاتىكرده‌وه‌ كه‌ گرنگه‌ تێگه‌يشتن و روانگه‌يه‌كى هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ چۆنيه‌تيى به‌ڕێوه‌بردنى وڵات و به‌ڕێوه‌بردنى سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌كانى عێراق به‌ جۆرێك كار و خزمه‌تگوزاريى باشتر بۆ هاووڵاتيان دابين بكات و ببێته‌ هۆى ئارامى و سه‌قامگيرى و پاراستنى سه‌روه‌ريى وڵات.

گرنگيى پاراستنى ئاراميى سنووره‌كان و كاركردنى هاوبه‌شى هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، هه‌مه‌جۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى وزه‌، هاندانى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌ره‌هێنانى بيانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى رێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و كێشه‌كانى به‌رده‌مى، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، ته‌ورێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.