هەرچەندە لە سەرەتای ئەم مانگەوە، وەزارەتی کارەبا بە فەرمی ئەوەی ڕاگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی خواستی کارەبا ژمارەی ئەمپێری ماڵانیان لە چل ئەمپێرەوە بۆ سی ئەمپێر دابەزاندووە، بەڵام ئەوەش نەبووەتە هۆی ئەوەی گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیان کۆتایی بێت سەبارەت بە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا.
بەهۆی ئەوەی لە وەرزی زستاندا، بەکارهێنانی گەرمکەرەوە و ئامێرە کارەباییەکان زیاتر دەبێت، وەزارەتی کارەبا ڕووبەڕووی خواستێکی یەکجار زۆری کارەبا دەبێتەوە، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ئەوەی راگەیاند، ئێستە بەرهەمهێنانی كارەبامان ٣٤٠٠ مێگاواتە، بەڵام خواست بۆ ٦٥٠٠ مێگاوات بەرز بووەتەوە.
سەبارەت بە گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیان، بە تایبەت لە ئێستەدا کە کاتی تاقیکردنەوەی وەرزی قوتابیانە و زۆربەی شەوان لە درەنگانی شەودا، کارەبا بە هەردوو جۆری نیشتیمانی و مووەلیدەوە نابێت، گلەیی و گازاندەی زۆر دروست بووە؛ ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: بەرهەمهێنانی کارەبامان زیاد کردووە، بەڵام لە وەرزی زستاندا خواست دەبێتە دوو قات، لەم وەرزەدا خواستی ھاووڵاتییان حەوت ھەزار مێگاواتە، بەڵام لەئێستەدا تەنھا سێ ھەزار و پێج سەد مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنین.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: ھەمیشە ھاوکار و یارمەتیدەری وەزارەتی پەروەردە بووینە، بەتایبەت لە تاقی کردنەوەکانی کۆتایی ساڵ ھەر کاتێک ئەوان داوایان کردبێت، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبای شارەکانەوە ھاوکار بووینە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە ھاوکار بن، ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا لە شاروشارۆچکەکان لە پەیوەندیدان لەگەڵ مووەلیدە ئەھلیەکان، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویست کارەبا بە ھاووڵاتییان بدەن.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی داوە بە باشترین سیستەم سێکتەری کارەبا بەرەو پێشەوە ببات، دوای ئەوەی دیراسەی سیستەمی چەند وڵاتێکی پێشکەوتوو کرا، یەکێک لەو سیستەمانەی زۆرترین کاری پێ دەکرێت و سەرکەوتوو بووە، سیستەمی پێوەری زیرەکە، بەستنی پێوەری زیرەک بۆ ھاوبەشانی کارەبا لە قۆناخی کۆتاییدایە، ئێستە زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٢٠ ھەزار پێوەر بەستراون، تەواوی ئەو گرفت و کێشانەمان چارەسەر کردن کە لە سەرەتایی پرۆژەکە بۆ ھاوبەشان دروست دەبوو، ئەمە لە کاتێکدایە ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار ھاوبەش لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ئەو ھاوبەشانە ترلیۆنێک و ٣سێسەد ملیار دینار قەرزداری وەزارەتی کارەبان”.