ۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی دزیکردن، دوو ئافرەت لە قەزای سەیدسادق دەستگیرکران، کە لە پێنج بنکەی جیاواز سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (14ی کانوونی یەکەمی 2022) لە راگەیەندراوێکیدا پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی حەساری سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادق بە هاوکاری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات، دوو ژنیان دەستگیركرد، کە تۆمەتبارن بە دزینی پارە و زێڕن.
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە، دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە دوای ئەوە بووە، کە چەند هاووڵاتییەك سكاڵایان تۆماركرد لەسەر ئەوەی دزییان لێكراوە، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی سەیدسادق لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد و دوای گەڕان و بەدواچوونەكان، توانرا هەردوو تۆمەتبار (ئـ، م، ح) لەدایكبووی 1997 و (ژ، ف، ع) لە دایكبووی 1976 لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی حەساری سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادقەوە، بەهاوکاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات دەستگیربكرێن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، ئەو ئافرەتانە لە هەریەک لە “نووسینگەكانی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد، ناوبازاڕ، بنكەی پۆلیسی كەلار، دەربەندیخان و هەڵەبجە” سكاڵای یاساییان لەسەر تۆماركراوە و داواكراون.
ئاماژە بەوەشدراوە، کە لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەستگیراوە بەسەر 15 هەزار دۆلاری ئەمەریکی و بڕێکی زۆر زێڕدا، لێکۆڵینەوەکانیش لەگەڵ تۆمەتبارەکان بە بڕیاری دادوەر و بەگوێرەی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی بەردەوامە.
ماددەی ( 444 ) لە یاسای سزادانی عراقی، تایبەتە بە سزادانی ئەو کەسانەی تۆمەتی دزیکردنیان لە دادگا بەسەردا ساغدەبێتەوە و بەگوێرەی بەڵگەکان دادوەر دەتوانێت سزای زیندانیکردن بەسەر تاوانباردا بسەپێنێت، ماوەی زیندانیکردنەکەش لە حەوت ساڵ زیاتر نابێت.